وەزارەتی دەرەوەی عێراق هۆشداری دەداتە ئەمریکا
وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە فەرمی ناڕەزایەتی و هۆشدارییەکانی گەیاندە ئەمریکا سەبارەت بە هێرشە سەربازییەکانی ئەم دواییەی سەر خاکەکەی و جەختی لەوە کردەوە، ئەم کردەوانە پێشێلکارییەکی زەقن بۆ سەر سەروەریی عێراق.
هەینی 13ـی ئاداری 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە، رایگەیاندووە، محەممەد حوسێن بەحرولعلوم، بریکاری وەزارەت میوانداریی جۆشوا هاریس، کاربەڕێکەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکای لە بەغداد کرد، لە دیدارەکەدا دوایین پەرەسەندنە ئەمنییەکان و کاریگەرییەکانی شەڕ لە ناوچەکەدا تاوتوێ کران.
بەحرولعلوم رایگەیاندووە، بەردەوامیی شەڕ و ململانێکان هەڕەشەی راستەوخۆن بۆ سەر ئاسایش و سەلامەتی هاووڵاتیان و دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی عێراق، لەوانەش هەرێمی کوردستان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر (بەغداد، کەرکوک، ئەنبار و بابل)، 14 چەکدار کوژراون و 24ـی دیکەش بریندار بوون، هاوکات حکوومەتی عێراق بە توندترین شێوە ئەو هێرشانەی ئیدانە دەکات و بە پێشێلکردنی سەروەری وڵات ناوی دەبات.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، بریکاری وەزارەتی دەرەوە پابەندیی عێراقی بە پاراستنی باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماسییەکان بەپێی رێککەوتنامەی ڤیێنا دووپاتکردەوە، هاروەها جەختیشی کردەوە، حکوومەت رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو یاساشکێنانە دەگرێتە بەر کە هێرش دەکەنە سەر نێردە بیانییەکان.
لای خۆیەوە، جۆشوا هاریس جەختی لە هاوبەشیی ستراتیژیی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق کردەوە، بەتایبەت لە بوارەکانی پڕچەککردن و پشتیوانی لۆجیستی.
هاریس گوتیشی: "شەڕی ئەەمریکا تەنیا لەگەڵ ئێراندایە و سیاسەتی وڵاتەکەشی لە ناوچەکەدا تەنیا وەڵامدانەوەی سنووردار و بەرگرییە لە بەرژەوەندییەکانیان، هەروەها داوای کرد هەوڵی زیاتر بدرێت بۆ پاراستنی بارەگا دیپلۆماسییەکانیان لە بەغداد و هەولێر.
هاوکات بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوای لە لایەنی ئەمریکی کرد بۆ هەر هەڕەشەیەک کە لە خاکی عێراقەوە سەرچاوە دەگرێت، پێویستە هەماهەنگی پێشوەختە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق هەبێت و هیچ کارێکی تاکلایەنە ئەنجام نەدرێت، هاوکات داوای کرد ئەمریکا لە تێگەیشتنە کلتووری و کۆمەڵایەتییەکانی ناوچەکە تێبگات بۆ ئەوەی بتوانرێت قەیرانەکان کۆنتڕۆڵ بکرێن.