وۆڵ ستریت جۆرناڵ: پێنتاگۆن تاوتوێی ناردنی کەشتیی جەنگی زیاتر دەکات بۆ گەرووی هورمز

رۆژنامە "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە زاری دوو بەرپرسی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) بڵاوی کردەوە، واشنتن کار دەکات بۆ ناردنی کەشتیی جەنگی زیاتر بۆ ناوچەکە، بە مەبەستی یاوەریکردن و پاراستنی کەشتییەکانی لە گەرووی هورمز.

هەینی 13ـی ئاداری 2026، بوگێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، ئەو دوو بەرپرسە ئاماژەیان بەوە کردووە، هێزی دەریایی ئەمریکا دەست بە یاوەریکردنی کەشتییەکان ناکات تا ئەو کاتەی مەترسییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا کەم دەبنەوە، هەروەها رایانگەیاندووە، پڕۆسەی کەمکردنەوەی هەڕەشەکانی ئێران لە گەرووی هورمز رەنگە مانگێک یان زیاتری پێ بچێت.

لەلایەکی دیکەوە، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "سکای نیوز" رایگەیاند: "پێشبینی دەکەم هێزی دەریایی ئەمریکا، رەنگە لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتیدا، هەر کاتێک لە رووی سەربازییەوە گونجاو بێت، ئەرکی یاوەریکردنی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز بگرنە ئەستۆ."