بە فەرمی هەندرێن بووە پاڵەوانی خولی نایابی كوردستان

هەندرێن بۆ دووەمجار نازناوەكەی بردەوە

هەندرێن، پاڵەوانی وەرزی 2025 ـ 2026ـی خولی نایابی كوردستان
هەندرێن، پاڵەوانی وەرزی 2025 ـ 2026ـی خولی نایابی كوردستان

 

یانەی هەندرێن دوای 15 ساڵ جارێكی دیكە نازناوی ئەم وەرزەی خولی نایابی كوردستان بردەوە و بە فەرمی بۆ دووەمجار لە مێژوودا بووە پاڵەوانی خولەكە.
ئەمڕۆ شەممە، 14 ئاداری 2026، لە گەڕی نۆزدەیەمی خولی نایابی كوردستان، یانەی هەندرێن لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بووە میوانی رانیە و یارییەكەی بە دوو گۆڵی بێوەڵام بردەوە، بەم سەركەوتنەش هەندرێن 3 گەڕ پێش كۆتایی ئەم وەرزە نازناوی خولی نایابی كوردستانی بۆ وەرزی 2025 ـ 2026 مسۆگەر كرد.
یانەی وەرزشی هەندرێن لە ساڵی 2006 دامەزرا و مۆڵەتی بەشداریكردنی لە خولە فەرمییەكانی كوردستان پێدرا، بۆ یەكەمجار لە وەرزی 2010 ـ 2011 بە راهێنەرایەتی سەمەد جەوهەر نازناوی خولی نایابی كوردستانی بەدەستهێنا.
دڵشاد مەعرووف راهێنەری هەندرێن بۆ سێیەمجار لە كاروانی وەرزشی خۆی نازناوی خولی نایابی كوردستان بەدەستهێنا، پێشتر دووجاری دیكە لەسەریەك لەگەڵ یانەی برووسك ئەو نازناوەی بەدەستهێنا بوو.
دڵشاد مەعرووف لە ڕووی بردنەوەی نازناوەكانی خولی نایابی كوردستان لە ریزبەندی سێیەم دێت، سەمیر بابۆ تاكە راهێنەرە پێنج نازناوی خولی نایابی بردووەتەوە، لە پلەی دووەمیش سلێمان رەمەزان دێت كە چوار نازناوی لەسەریەكی بۆ زێرەڤانی بەدەستهێناوە.