وەزارەتی دەرەوەی عێراق: رێگە بە هیچ هێرشێک بۆ سەر نێردە دیپلۆماسییەکان نادەین
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا رەتکردنەوەی توندی خۆی بۆ هەر جۆرە هێرش و دەستدرێژییەک راگەیاند کە بکرێتە سەر نێردە دیپلۆماسی و کونسوڵخانەکان لەناو خاکی عێراق.
شەممە 14ـی ئاداری 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا جەختی لە پابەندبوونی حکوومەتی عێراق کردەوە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەلامەتی هەموو نێردە و نێردراوە دیپلۆماسییەکان و کارمەندەکانیان، ئەمەش بە پشتبەستن بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و رێککەوتننامە دیپلۆماسییەکان.
لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا هاتووە: "بە رێنمایی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوەی ورد کردووە سەبارەت بەو هێرشانەی کراونەتە سەر هەندێک لە نێردە دیپلۆماسییەکان، هەروەها بڕیاریشە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بەرز بکرێتەوە بۆ لایەنە باڵاکان تاوەکو رێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر ئەنجامدەرانی بگیرێتە بەر."
لە کۆتاییدا، وەزارەتی دەرەوە جەختی کردووەتەوە، حکوومەت و دەزگا ئەمنییەکان بە هیچ شێوەیەک چاوپۆشی لە کارە توندوتیژییەکان ناکەن و هەموو رێوشوێنێکی پێویست دەگرنە بەر بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات.