وۆڵ ستریت جۆرناڵ: پێش دەستپێکردنی جەنگ، هۆشداریی لە مەترسی داخستنی گەرووی هورمز بە ترەمپ درابوو

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە راپۆرتێکدا ئاشکرای دەکات کە بڕیاری سەرۆک ترەمپ بۆ هێرشکردنە سەر ئێران سەرەڕای هۆشدارییە توندەکان بووە سەبارەت بە داخرانی گەرووی هورمز و شڵەژانی ئابووری جیهان. ڕاپۆرتەکە دەری دەخات کە کۆشکی سپی گرەوی لەسەر هەرەسهێنانی خێرای ئێران کردبوو، بەڵام ئێستا جەنگەکە بەرەو قۆناغێکی ئاڵۆزتر و خوێناویتر دەچێت.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، پێش دەستپێکردنی هێرشەکان لە 28ی شوبات، دان کەین، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا، چەندین جار ترەمپی ئاگادار کردووەتەوە کە هێرشەکە دەبێتە هۆی ئەوەی ئێران گەرووی هورمز دابخات، کە 20%ی هەناردەی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت. سەرەڕای ئەم مەترسییە، ترەمپ بڕیاری داوە بەردەوام بێت، بەو هیوایەی تاران پێش داخرانی گەرووەکە خۆی بەدەستەوە بدات. رۆژی هەینیش ئەمریکا دوورگەی "خارک"ی بۆردوومان کرد بۆ فشارخستنە سەر تاران تا گەرووەکە بکاتەوە.

راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ترەمپ متمانەیەکی بێ وێنەی بە هێزی سەربازی ئەمریکا هەیە بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنی خێرا، بەڵام تێچووەکان ڕوو لە زیادبوونن؛ تا ئێستا 13 سەربازی ئەمریکی کوژراون، کە ئەمە بە کوشندەترین ئۆپەراسیۆنی سەردەمی ترەمپ دادەنرێت، لە بەرانبەردا 1300 ئێرانی کوژراون، هەروەها ترەمپ و ڕاوێژکارەکانی سەرسام بوون بە فراوانیی وەڵامدانەوەکانی ئێران و هێرشە درۆنییەکانیان کە لە عومانەوە تا ئازەربایجانی گرتووەتەوە.

ترەمپ پێی وابوو وەک ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەوی ساڵی رابردوو و گۆڕینی دەسەڵاتی ڤەنزوێلا، دەتوانێت بە خێرایی دەسەڵاتی ئێران بگۆڕێت بۆ دەسەڵاتێکی دۆست، بەڵام ئەنجامەکە پێچەوانە بووەوە؛ دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، کوڕەکەی "موجتەبا خامنەیی" وەک ڕێبەری نوێ دەستنیشانکرا کە سوێندی خواردووە گەرووی هورمز بە داخراوی بهێڵێتەوە.

یەکێک لە خاڵە جێگەی سەرنجەکانی راپۆرتەکە ئەوەیە کە پلانی جەنگەکە تەنیا لەلایەن بازنەیەکی زۆر بچووکەوە داڕێژراوە، کە پێکهاتبوون لە: جەی دی ڤانس جێگری سەرۆک، مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوە و پیت هێگسێس وەزیری بەرگری. ئەمەش وای کردووە ترەمپ گوێی لە ڕای جیاواز و هۆشدارییەکانی ئاژانسەکانی تری دەوڵەت نەبێت، تەنانەت پلانیان بۆ چۆڵکردنی هاووڵاتییانی ئەمریکیش دانەناوە.

سەرەڕای فشارە ناوخۆییەکان و نیگەرانیی هاوپەیمانەکانی کەنداوی عەرەبی لە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هۆتێل و کێڵگە نەوتییەکان، ترەمپ سوورە لەسەر بەردەوامیی جەنگەکە. بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی دەڵێت ترەمپ پلانەکەی بۆ 4 تا 6 هەفتە داناوە، و ئێستا لە هەفتەی سێیەمدایە. ترەمپ خۆی دەڵێت: کەی هەستم کرد سەرکەوتووین، ئەو کاتە جەنگەکە کۆتایی پێدەهێنم.