ئەمریکا سزای بەرفراوانی بەسەر تۆڕەکانی چەکی ئێراندا سەپاند

نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی داراییە بیانییەکان لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی پەراوێزخستنی ئابووری سزای بەسەر 10 کەسایەتی و کۆمپانیای نێودەوڵەتیدا سەپاند لە چین، هۆنگ کۆنگ، پاکستان، ئێران، تورکیا و سعوودیە؛ وەزیری گەنجینەی ئەمریکا جەخت دەکاتەوە بەردەوام دەبن لە پەکخستنی کارەکانی هەر لایەنێک کە هاوکاریی سەربازی یان دارایی پێشکەش بە تاران بکات.

سێشەممە 29ـی ئەیلوولی 2026، نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی داراییە بیانییەکان لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا (OFAC) لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "پەراوێزخستنی ئابووری"، سزای بەسەر 10 کەسایەتی و قەوارەی نێودەوڵەتیدا سەپاند لە چین، هۆنگ کۆنگ، پاکستان، ئێران، تورکیا و سعوودیە، بە تۆمەتی دابینکردنی چەک، درۆن و پارچەی مووشەکی بالیستی بۆ وەزارەتی بەرگریی ئێران.

تۆڕێک خراوەتە لیستی سزاکانەوە، کە ڕاستەوخۆ دەستیان هەبووە لە کڕین و دابینکردنی چەک و کەرەستەی سەربازی بۆ وەزارەتی بەرگری و پشتیوانیی هێزە چەکدارەکانی ئێران (MODAFL)، کە بەرپرسی سەرەکیی توێژینەوە، بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) و مووشەکی بالیستییە لە ئێران.

سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لەبارەی ئەم هەنگاوەوە رایگەیاند: "لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی پەراوێزخستنی ئابووریدا، گەنجینەی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پەکخستنی کارەکانی هەر لایەنێک کە هاوکاریی ماددی، تەکنۆلۆژی یان دارایی پێشکەش بە دەسەڵاتدارانی تاران بکات. واشنتن بە هیچ جۆرێک چاوپۆشی لە هاوکاریکردنی تاران ناکات و تۆڕەکانی بەردەوام ئاشکرا و گۆشەگیر دەکات."

وەزارەتی گەنجینە ئاماژەی بەوە کردووە، ئۆپەراسیۆنی ناوبراو شادەماری ئابووری و داهاتە نایاساییەکانی تارانی لە نەوت و قاچاخچێتی کردووەتە ئامانج تاوەکو رێگری لە دووبارە بنیاتنانەوەی توانای سەربازیی ئەو وڵاتە بکات.

بەپێی بەڵگەنامەکانی وەزارەتی گەنجینە، ئەسغەر عەلیزادە تەباتەبایی، وەک نوێنەری وەزارەتی بەرگریی ئێران لە شاری بەیژینگ کاری کردووە بۆ کڕینی سیستەمی چەکی پێشکەوتوو و کەرەستەی مەدەنی و سەربازی لە چین بۆ سوپای ئێران.

هەروەها کۆمپانیای لێکۆڵینەوە و پەرەپێدانی "کاوشکۆم ئاسیا" لە ئێران و بەڕێوەبەرەکەی عەلی فتووەت ئەحمەدی پارچەی ئەلیکترۆنیی هەستیاریان بۆ کۆمپانیای دروستکردنی فڕۆکەی ئێران (HESA) کە تایبەتە بە دروستکردنی درۆن، و گرووپی پیشەسازیی شەهید باقری کە بەرپرسی مووشەکی بالیستیی سووتەمەنیی رەقە، دابین کردووە. لەم پرۆسەیەدا کۆمپانیای (EC Mojo) لە هۆنگ کۆنگ و نوێنەرەکەی لی فێن، شانبەشانی پەریسا لالی لە ئێران هاوکار بوون لە پێشکەشکردنی کەرەستەی ئەلیکترۆنی و خۆدزینەوە لە سزاکان.

لە تەوەرێکی دیکەی سزاکاندا، بازرگانێکی پاکستانی بە ناوی وسیم پاشا تەجەممول، سەرۆکی گرووپی کۆمپانیاکانی (Cavalier Group) وەک نێوەندگیرێکی سەرەکی بۆ کڕین و دابەشکردنی چەک لە بەرژەوەندیی وەزارەتی بەرگریی ئێران ناوی خراوەتە لیستەکەوە.

ناوبراو لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی لە پاکستان، لقی کۆمپانیاکەی لە تورکیا و لقی کۆمپانیایەکی دیکەی لە ریاز کارئاسانیی کردووە؛ جێی باسە سزادانی لقی ئەو کۆمپانیایە لە سعوودیە بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی سعوودیە ئەنجامدراوە.

بەپێی بڕیارەکەی وەزارەتی گەنجینە، سەرجەم دارایی و بەرژەوەندییە داراییەکانی ئەو کەسایەتی و کۆمپانیایانەی ناویان هاتووە لە ناوخۆی ئەمریکا یان لەژێر کۆنترۆڵی کەسانی ئەمریکیدا سڕ دەکرێن، هاوکات هۆشداری دراوەتە دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان کە هەر جۆرە مامەڵەیەک لەگەڵ ئەم تۆڕەدا ئەوانیش رووبەڕووی سزای لاوەکی و دابڕان لە سیستەمی دارایی ئەمریکا دەکاتەوە.

15 ملیۆن دۆلار پاداشت رادەگەیەنێت

وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سزای بەسەر هەشت قەوارە و پێنج کەسایەتیدا سەپاند بە تۆمەتی دابینکردن و بڵاوکردنەوەی چەک بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پێشێلکردنی بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.

تۆماس پیگۆت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، لە چوارچێوەی پشتیوانیکردن لە ئۆپەراسیۆنی "پەراوێزخستنی ئابووری"، واشنتن سزای نوێی بەسەر ئەو کەس و کۆمپانیایانەدا سەپاندووە کە هاوکاریی پیشەسازیی سەربازی و کڕینی چەکیان بۆ ئێران کردووە، ئەوەش بە پێشێلکردنی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ساڵی ڕابردوو لە ڕێگەی میکانیزمی ناسراو بە "سناپباک" بەهۆی پابەندنەبوونی ئەتۆمیی تارانەوە کارا کرابوونەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند: "لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ئێران بەردەوام بووە لە هەوڵەکانی بۆ دەستکەوتنی چەک و کەرەستەی سەربازی و فراوانکردنی چالاکییە ناسەقامگیرکەرەکانی. هەڵوێستی ترەمپیش تەواو ڕوونە؛ نابێت ئێران هەرگیز ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، هەروەها نابێت ڕێگە بدرێت بەرنامە مووشەکی و سەربازییەکانی ببنە هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی."

پیگۆت ئاماژەی بەوە کرد کە لە مانگی ئەیلوولی 2025ەوە واشنتن دەیان سزای لە دژی تۆڕەکانی ئێران سەپاندووە، هاوکات نوێنەرانی 40 دەوڵەتی کۆکردووەتەوە بۆ چەسپاندنی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەتایبەت دوای ئەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش بەهۆی ڤیتۆ و بەربەستەکانی ڕووسیا و چینەوە نەیتوانی زانیارییە نوێکراوەکانی تایبەت بە سزاکان جێبەجێ بکات.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەرنامەی "پاداشت لە پێناو دادپەروەری" سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، پاداشتێکی دارایی بە بڕی تا 15 ملیۆن دۆلار پێشکەش دەکات بۆ هەر زانیارییەک کە ببێتە هۆی تێکدان و پەکخستنی میکانیزمە داراییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و سەرجەم لقەکانی، بە مەبەستی بڕینی شادەماری ئابووریی دەسەڵاتدارانی تاران.

لە کۆتاییدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای لە سەرجەم وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد پابەندبن بە جێبەجێکردنی ئەرکە یاساییەکانیان دژی چالاکییەکانی ئێران، و جەختیشی کردەوە کە واشنتن بەردەوام دەبێت لە ڕێگریکردن لە گەیشتنی هەر جۆرە کەرەستە، تەکنەلۆژیا، خزمەتگوزاری و داراییەک بۆ کەرتی سەربازیی ئێران.