بەرگریی سعوودیە: 10 درۆنی ئێرانیمان تێکشکاندووە
وەزارەتی بەرگریی سعوودیە رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، لە چەند کاتژمێری رابردوودا دەسەڵاتە بەرگرییەکانی ئەو وڵاتە توانیویانە 10 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لە ئاسمانی شانشینی سعوودیە بخەنە خوارەوە.
ئاژانسی هەواڵی سعوودیە (واس) لە زاری لیوا روکن تورکی مالیکی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری بڵاویکردەوە: "10 درۆن لە هەردوو ناوچەی ریاز و ناوچەی رۆژهەڵات رێگرییان لێکراوە و تێکشکێنراون." ئاماژەی بەوەش کرد، بەرگرییە ئاسمانییەکان شەوی رابردوو توانیویانە شەش مووشەکی بالیستیش کە ئاراستەی پارێزگای خەرج کرابوون، لەناوببەن.
لە بەرانبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران هەر جۆرە پەیوەندییەکی وڵاتەکەی بە هێرشەکانی ئەمڕۆ یەکشەممەوە رەتکردەوە و داوای لە حکوومەتی سعوودیە کرد، لە شوێنێکی دیکە بە دوای سەرچاوەی ئەو هێرشانەدا بگەڕێت.
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە، لە 28ی شوباتی رابردووەوە ناوچەکە رووبەڕووی ئاڵۆزییەکی سەربازیی بەردەوام بووەتەوە، ئەوەش بەهۆی بەردەوامی جەنگی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، کە هاوکاتە لەگەڵ هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی تاران بۆ سەر ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکە.