بە فەرمی هیچ یارییەك لە نێوان مێسی و لامین یامال دا ناكرێت

یاریی فینالیسیما هەڵوەشایەوە

لامین یامال ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئیسپانیا لەگەڵ لیۆنێل مێسی كاپتنی ئەرجەنتین
لامین یامال ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئیسپانیا لەگەڵ لیۆنێل مێسی كاپتنی ئەرجەنتین

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا بە فەرمی هەڵوەشاندنەوەی پاڵەوانێتی فینالیسیمای 2026ـی ڕاگەیاند، کە بڕیاربوو هەڵبژاردەی ئیسپانیا پاڵەوانی یۆرۆی 2024 بەرامبەر ئەرجەنتین پاڵەوانی كۆپا ئەمریکا 2024 یاری بکات.
بڕیار بوو یارییەکە لە 27ـی ئاداری 2026 لە قەتەر بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی بارودۆخی سیاسی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەراست، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا بە مەحاڵی زانی یارییەكە لەو وڵاتە بەڕێوە بچێت.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا لە دوایین ساتدا هەوڵیدا وڵاتێكی دیكە وەكو بەدیلی قەتەر بۆ بەڕێوەچوونی یاریی فینالیسیما دەستنیشان بكات، بەڵام فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەرجەنتین چارەسەر و پێشنیاز کراوەکانی یوێفای ڕەتكردەوە.

پێشنیازی یەکەم بریتی بوو لە بەڕێوەچوونی یارییەکە لە هەمان رێكەوت لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە مەدرید، بەڵام ئەرجەنتین ئەم بیرۆكەیەی ڕەتکردەوە چونکە ئەم پێشنیازە بەسوودی ئیسپانیا دەشكایەوە و یارییەكەی لە نێو خاكی خۆی دەكرد.

پێشنیازی دووەم بریتی بوو لە بەكارهێنانی سیستەمی یاریی چوون و گەڕانەوە، واتە یارییەك لە مەدرید و یارییەك لە بوینس ئایرێس، بەڵام رێكەوتن لەسەر ئەم پێشنیازەش نەكرا.
ئەرجەنتین ئامادەیی خۆی دەربڕیبوو تەنها لە هەمان رێكەوت لە 31ـی ئادار یاری بکات، بەڵام یوێفا یاریكردن لەو وادەیە و لە قەتەر بە مەحاڵ زانرا و بە فەرمی فینالیسیمای هەڵوەشاندەوە.
یوێفا لە بەیاننامەیەكدا لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی یارییەكە نووسیویەتی: بەداخێکی قوڵ هاندەران ناتوانن بینەری ئەم رووبەڕووبوونەوە گەورەیە بن، چونكە لەگەڵ ئەرجەنتین لەبارەی دیاریكردنی كات و شوێنی یارییەكە نەگەیشتینە رێككەوتن.