فەرەنسا ناردنی کەشتیی جەنگی بۆ گەرووی هورمز رەت دەکاتەوە

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە ناردنی کەشتیی جەنگی دەکەن بۆ گەرووی هورمز لەسەر داوای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جەختیشی کردەوە کە گرووپی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری فەرەنسی هێشتا لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست جێگیرە.

یەکشەممە 15ـی ئاداری 2026، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" رایگەیاند: "ئەو هەواڵانەی لەو بارەیەوە بڵاوکراونەتەوە راست نین، گرووپی کەشتییە جەنگییەکانمان هێشتا لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستن".

ئەم بڕیارەی فەرەنسا دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە چەند وڵاتێک کردبوو، لەنێویاندا فەرەنسا، کەشتیی جەنگی بنێرن بۆ هاوکاریکردن لە پاراستنی ئاسایشی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز، ئەم داوایەی ترەمپ دوای ئەوە هات کە ئێران گەرووەکەی داخست وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشانەی لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە کرانە سەر خاکەکەی.

لەلایەکی دیکەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بە هاوتا فەرەنسییەکەی گوتووە کە پێویستە وڵاتان لە هەر هەنگاوێک دوور بکەونەوە کە ببێتە هۆی پەرەسەندنی زیاتری ململانێکان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.