کۆشکی سپی: 12 ملیار دۆلارمان لە جەنگ دژی ئێران خەرج کردووە
کۆشکی سپی ئەمریکا رایگەیاند، بڕی تێچووی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی دژی ئێران تاوەکو ئێستا گەیشتووە بە 12 ملیار دۆلار.
یەکشەممە 15ـی ئاداری 2026، کێڤن هاسێت، بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی ئابووری لە کۆشکی سپی، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "تاوەکو ئێستا تێچووی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانمان دژی ئێران گەیشتووەتە 12 ملیار دۆلار".
ئەو بەرپرسەی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا بودجە و پارەی پێویستیان بۆ وەزارەتی جەنگ لەبەردەستە، بەڵام ئەوەی نیگەرانی دروست کردووە پرسی وزەیە.
گوتیشی: "گەورەترین کێشەی ئێستامان نرخی وزەیە و بە وردی چاودێری بارودۆخەکە دەکەین".
هاسێت لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە، پێویستە بە خێرایی چارەسەری دۆخی ئابووری جیهان بکرێت و ئەوان هەنگاو بۆ ئەو مەبەستە دەنێن.