یوتیووب کەناڵی ترەمپ رادەگرێت

سەرجەم گەورە سۆشیاڵ میدیاکان بڕیاریان لە دژی ترەمپ داوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، وێنە: AP
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، وێنە: AP

K24 - هەولێر

یوتیووب بڕیاریدا کەناڵی دۆناڵد ترەمپ بۆ ماوەی یەک هەفتە و "رەنگە زیاتریش" رابگرێت.

یوتیووب بە CNNـی گوتووە ڤیدیۆیەکی ترەمپ بەم دواییە، بووەتە هۆی دروستبوونی توندوتیژی، ئەو ڤیدیۆیە ئێستا لەسەر کەناڵەکە لادراوە. یوتیووب رەتیکردەوە زانیاری لەبارەی ئەو ڤیدیۆیە ئاشکرا بکات، کە بەهۆیەوە کەناڵەکەی راگرتووە، بەڵام دەڵێ دوای تەواوبوونی ماوەی ئەو هەفتەیە، دووبارە بە بڕیارەکەیدا دەچێتەوە.

هەتاوەکو ئێستا یوتیووب تاکە گەورە سۆشیاڵ میدیا بوو بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەکاونتی دۆناڵد ترەمپ دانەخات.

پێنجشەممەی رابردوو، مارک زوکەربێرگ دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری فەیسبووک و ئینستاگرام رایگەیاند، فەیسبووک و ئینستاگرام رێگە نادەن سەرۆک ترەمپ چیدیکە پۆست بکات، بەلایەنی کەمەوە تاوەکو ماوەی سەرۆکایەتییەکەی کۆتاییدێت (لە 20-1-2021).

بەڵام قورسترین بڕیار لە دژی ترەمپ، لەلایەن تویتەرەوە درا، هەرچەندە تویتەر دڵخوازترین سۆشیاڵ میدیای ترەمپ بوو و رۆژانە را و بۆچوونەکانی خۆی لەوێ دەردەبڕی.

دوای چەند هۆشیارکردنەوەیەک لەلایەن تویتەرەوە و پابەندنەبوونی ترەمپ بە مەرجەکانی بەکارهێنانی ئەو سۆشیاڵ میدیایە، تویتەر 9-1-2021 بۆ هەمیشە ئەوکاونەتەکەی سەرۆکی سڕییەوە، کە یەکێک بوو لە 10 چالاکترین ئەکاونتەکان لەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە.