12 ساڵە نەوت بە بۆری نەوتی کەرکووک - جەیهان تێنەپەڕیوە

دوو بۆری و دوو چیرۆکی جیاواز

بەشێک لە میدیاکان و بەرپرسانی عێراق بە هەڵە لە پرسی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لە رێگەی بۆریی کەرکووک-جەیهان تێگەیشتوون. راستییەکە ئەوەیە، کەرکووک تەنیا یەک هێڵی گواستنەوەی نییە، بەڵکو دوو رێڕەوی جیاوازی هەیە.

بۆرییە کۆن و تێکشکاوەکە کە بۆریی حکوومەتی فیدراڵە، ئەم بۆرییە راستەوخۆ نەوتی کەرکووک بە بۆری نەوتی جیهان دەبەستێتەوە لە پێشابوور، بەڵام نزیکەی 12 ساڵە تەنانەت دڵۆپە نەوتێکی پێدا تێنەپەڕیوە. ئەم هێڵە لە ساڵی 2014ـەوە بەهۆی کردە تیرۆریستییەکانەوە تەقێنراوەتەوە و بەشێکی زۆری کەوتووەتە ئەو ناوچانەی پێشتر لەژێر دەسەڵاتی داعشدا بوون. وێڕای کۆنی و داخورانی بۆرییەکە، هێشتا مەترسییە ئەمنییەکان رێگرن لە نۆژەنکردنەوە و کارپێکردنەوەی.

بۆریی نەوتی کوردستان، ئەو بۆرییە کە ئێستا بەبێ کێشە دەتوانرێت نەوتی کەرکووکی لێوە هەناردە بکرێت، هێڵی نەوتی هەرێمی کوردستانە. لە ساڵی 2015ـەوە و دوای گۆڕانکارییەکان و کۆنترۆڵکردنی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک لەلایەن هەرێمی کوردستان، کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک بە ژێرخانی نەوتی کوردستان بەسترانەوە. لەو کاتەوە تاوەکو راگرتنی هەناردە، نەوتی کەرکووک لە رێگەی بۆریی کوردستانەوە دەگەیشتە بەندەری جەیهان.

بە کورتییەکەی، کەرکووک خاوەنی دوو بۆرییە؛ یەکێکیان 12 ساڵە پەکیکەوتووە و تەنیا ناوی ماوە، ئەوی تریشیان کە بە بۆریی کوردستان بەستراوەتەوە، تاکە رێگەی دەربازبوونی نەوتی ئەو پارێزگایەیە بۆ بازاڕەکانی جیهان.