یەکێتیی ئەوروپا سزای نوێی بەسەر 16 کەسایەتی و 3 دامەزراوەی ئێراندا سەپاند
یەکێتیی ئەوروپا بە فەرمی رایگەیاند، بەهۆی پێشێلکردنی مەترسیداری مافەکانی مرۆڤ و تێوەگلانیان لە سەرکوتکردنی خوێناوی خۆپێشاندانەکان، سزای نوێی بەسەر 16 کەسایەتی و 3 دامەزراوەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا سەپاندووە.
دووشەممە 16ـی ئاداری 2026، یەکێتی ئەوروپا لە بەیاننامەیەکی بەفرمیدا رایگەیاند، ئەم سزایانە ئەو کەس و لایەنانە دەگرێتەوە کە رۆڵی سەرەکییان هەبووە لە سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکانی مانگی کانوونی دووەمی 2026، کە بووە هۆی کوژرانی هەزاران هاووڵاتی مەدەنی.
دیارترین ئەو کەسانەی سزا دراون بریتین لە:
1- جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران بۆ کاروباری ئەمنیی و جێبەجێکردنی یاسا.
2- کۆمەڵێک لە فەرماندە ناوخۆییەکانی سوپای پاسداران کە راستەوخۆ لە سەرکوتی توندوتیژانە تێوەگلاون.
3- فەیلەقی محەممەد بەرپرسی هەماهەنگی هێزەکانی پاسداران و بەسیج لە تاران.
4- فەیلەقی ئیمام رەزا لە پارێزگای خۆراسان رەزەوی.
سزاکان بەشێک لە بەرپرسانی دەزگای دادوەریشی گرتووەتەوە کە تۆمەتبارن بە سزدان و راوەدونانی چالاکوانانی مافی ژنان، رۆژنامەنووسان و ناڕازییان، هەروەها وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، هاوکات سەرۆکی رێکخراوی زیندانەکانی ئێران بەهۆی بەڵگەکانی ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدانی مێرمنداڵان خراوەتە لیستی رەشەوە.
لە رووی تەکنەلۆژیاوە، کۆمپانیای "ناجی" بۆ پەرەپێدانی ئەپلیکەیشنی "نازر" (بۆ چاودێریکردنی هاووڵاتییان) و سەرۆکی پۆلیسی سایبەری تاران سزا دراون، ئەمەش بەهۆی رۆڵیان لە بڕینی ئینتەرنێت و سانسۆرکردنی زانیارییەکان.
بەگوێرەی ئەم بڕیارە نوێیە، ژمارەی ئەو ئێرانییانەی لەژێر سزای ئەوروپادان گەیشتە 263 کەس و 53 دامەزراوە.
سزاکان بریتین لە:
1- بەستنی سەرمایە و داراییەکانیان لە وڵاتانی ئەوروپا.
2- قەدەغەکردنی گەشتکردن بۆ وڵاتانی یەکێتییەکە.
3- قەدەغەکردنی هەناردەکردنی هەر جۆرە ئامێرێک کە بۆ سەرکوتکردنی ناوخۆیی یان چاودێری پەیوەندییەکان بەکاربێت.
ئەم سزایانە لە کاتێکدایە، ناوچەکە و ئێران لە بارودۆخێکی هەستیاردان، بەگوێرەی زانیارییەکان، ماوەی 17 رۆژە ئێران لە جەنگێکی راستەوخۆدایە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، لەم جەنگەدا عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی و چەندین فەرماندەی باڵای سەربازی کوژراون، هەروەها چەندین بنکەی سەربازی کراونەتە ئامانج، کە دوایینیان بەئامانجگرتنی باڵەخانەیەکی هێزەکانی بەسیج بوو لە ناوچەی "نەرمەک" لە تاران.
یەکێتیی ئەوروپا پێشتر لە 9ـی کانوونی دووەمی 2026 توندوتیژی دژ بە خۆپێشاندەرانی شەرمەزار کردبوو و داوای ئازادکردنی بێ مەرجی دەستگیرکراوەکانی کردبوو، ئەم سیستەمی سزایانە کە لە ساڵی 2011ـەوە دانراوە، تاوەکو نیسانی 2026 درێژکراوەتەوە.