محەممەد قالیباف: کۆگایەکی تەواومان لە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هەیە
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، ئامەدەن بەمەرجی دووبارە نەبوونەوە شەڕ ئاگربەست راگەیەنن. ئەگەرنا بۆ شەڕی درێژخایەن ئامادەن.
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی عەرەبی جەدید گوتی: وڵاتەکەی ناگەڕێتەوە بۆ ئەو دۆخەی پێش جەنگ، جەختیشی لە ئامادەیی تاران کردەوە بۆ ئەنجامدانی رێککەوتن و گەرەنتی ئاسایشی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.
محەممەد قالیباف ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران ئاگربەست قبووڵ ناکات، ئەگەر گەرەنتی ئەوە نەدرێت کە شەڕ دەستپێنەکاتەوە، چونکە وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ درێژەدان بە شەڕ تا ئەو کاتەی هەلومەرجی سیاسی و ئەمنی بۆ نەهێشتنی ئەو مەترسییە دێتە ئاراوە.
قالیباف باسی لەوەشکردووە، ئاگربەست تەنیا لەو کاتەدا مانای هەیە کە گەرەنتی ئەوە بکات شەڕ دەستپێنەکاتەوە، نەک دەرفەتێک بدات بە دوژمن بۆ ئەوەی کێشەکانی چارەسەر بکات و دواتر بگەڕێتەوە و هێرشبکاتە سەرمان.
گوتیشی: ئێمە بەردەوام دەبین لە شەڕکردن تا دوژمن بەڕاستی پەشیمان دەبێتەوە و هەلومەرجی سیاسی و ئەمنی گونجاو لە جیهان و ناوچەکەدا جێگیر بێت و هەڕەشە و شەڕ لە ناوچەکەدا بەتەواوی کۆتایی بێت.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران جەختی کردەوە، من باوەڕم وایە چیتر کەس باوەڕ بە بانگەشەکانی ئەمریکا سەبارەت بە لەناوبردنی تواناکانی ئێران ناکات، ئێمە کۆگایەکی تەواومان لە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هەیە، ئێمە توانای بەرهەمهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایەمان بەرێژەیەکی زۆر و بە تێچوویەکەی کەمتر لە مووشەکی بەرگریی لایەنی بەرامبەر هەیە.
قالیباف دەشڵێت، ئەمریکییەکان بە بیانووی دابینکردنی ئاسایش بۆ وڵاتانی عەرەبی، خاک و سامانی ئەم وڵاتانەی بەکارهێنا و بنکەی سەربازییان لەوێ دامەزراند، بەڵام ئەو بنکانەیان قۆستەوە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران و ناچاریان کردین وەڵام بدەینەوە.
راشیگەیاند، ناسەقامگیرییەکە لەلایەن ئەمریکییەکانەوە دەستیپێکرد، سروشتیشە ئێمە لە جەنگداین و ناچارین بەرگری لە خۆمان بکەین، ئێمە ئەم توانایەمان هەبوو تەنانەت لە کاتی جەنگی حوزەیرانی ساڵی رابردوودا سەرەڕای ئەوەی ئەمریکییەکان لایەنگری ئیسرائیل بوون، بەڵام وڵاتانی ناوچەکەمان نەخزاندە ناو جەنگەکە تاوەکو ئەمریکییەکان راستەوخۆ چوونە ناو جەنگەکەوە.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر بڕوامان بە پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەیە، بەڵام لە هەلومەرجی ئێستا ناچارین بەرگری لە خۆمان بکەین. ئێمە پێمان وایە کە ئاسایشی ناوچەکە پێویستە لە لایەن وڵاتان خۆیانەوە، بەبێ دەستوەردانی دەرەکی مسۆگەر بکرێت. هەروەها ئامادەین رێککەوتنی ئەمنی بەردەوام لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە ئەنجام بدەین، کە بتوانێت گەرەنتی هاوبەش دابین بکات و ئاسایشی سەقامگیر و بەردەوام بۆ وەبەرهێنەران دروست بکات.
لەکۆتایی قسەکانیدا قلیباف گوتی: ئێمە چاوەڕێی ئەوەمان نەدەکرد خاکی دراوسێکان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنرێت، پەیامی منیش هەمان ئەو پەیامەیە کە سەرکردە نوێیەکەمان ئاماژەی پێکرد، ئێوە بنکەی سەربازیتان بە ئەمریکا بەخشی بۆ ئەوەی ئاسایشی خۆتان مسۆگەر بکەن، بەڵام ئەوان بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئێوە، چونکە خیانەتیان لە ئێوە کردووە، چونکە تاکە هاوپەیمانی راستەقینەی ئەمریکا، ئیسرائیلە، تەنانەت کاتێک ئیسرائیل هێرشی کردە سەر قەتەر، ئەم بنکانە هیچ سیستەمێکی بەرگرییان لە دژی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل کارپێنەکرد، هەروەها ئەم شەڕە جارێکی دیکە سەلماندی کە ئەم وڵاتانە هیچ گرنگییەکیان بۆ ئەمریکا نییە.