لە نەتەوە یەکگرتووەکان پانێڵێک لەبارەی مافەکانی کورد و جینۆساید بەڕێوەدەچێت

بڕیارە رۆژی پێنجشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2026، لە چوارچێوەی کارەکانی نۆزدەهەمین خولی کۆڕبەندی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری کەمینەکان لە شاری جنێڤ لە سویسرا، پانێڵێکی نێودەوڵەتیی تایبەت بە پشتیوانیکردنی مافەکانی کورد و پرسی لێپرسینەوە لە جینۆساید بەڕێوە بچێت.

بە گوێرەی خشتەی فەرمیی چالاکییە لاوەکییەکان (Side Events) کە لەلایەن نووسینگەی کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە (OHCHR) بڵاو کراوەتەوە، پانێڵەکە لەلایەن ناوەندی K.G. Lobby Centerەوە رێک دەخرێت و ناونیشانی لە پاراستنەوە بۆ هاوبەشی: بەهێزکردنی پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی کورد، لێپرسینەوە لە جینۆساید و پاراستنی ناسنامەی کوردی لە هەرێمی کوردستانی عێراقی بۆ دیاری کراوە.

بڕیارە چالاکییەکە لە کۆشکی نەتەوەکان (Palais des Nations) لە جنێڤ لە باڵەخانەی A، نهۆمی سێیەم، هۆڵی IX لە کاتژمێر 09:00 تا 10:00ـی بەیانی بە کاتی جنێڤ بەڕێوە بچێت.

لە پانێڵەکەدا کە لەلایەن ئاورینگ شاوەیسەوە بەڕێوە دەبرێت، هەر یەک لە محەمەد ئیحسان و یەڵدا رەفعەت لە ناوەندی (K.G. Lobby Center)، شیرین جندی زەکی لە فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستان (KDWF)، شوعلە حەبیب رەسووڵ لە یەکێتیی ژنانی کوردستان (KWU)، نۆوا هۆگێندۆرن لە کۆنگرەی نەتەوەکان و دەوڵەتان (CNS)، د. زانا محەمەد عەبدولکەریم لە پەیمانگەی جنێڤ بۆ پێکەوەژیان و د. بابان ئەلیاسی، توێژەری سەربەخۆ، وەک پانێڵیست بەشدار دەبن.

نۆزدەهەمین کۆڕبەندی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری کەمینەکان، کە لەلایەن کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ و نیکۆلاس لێڤرات، راپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری کەمینەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت، رۆژانی 26 و 27ی تشرینی دووەمی 2026 لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی کۆشکی نەتەوەکان لە جنێڤ بەڕێوە دەچێت و دروشمی ئەمساڵی بریتییە لە: پێشخستنی مافی کەمینەکان لە رێگەی دەستپێشخەری و هاوکاریی هەرێمییەوە.

ناوەندی (KG Lobby Center) کە لەلایەن ئاورینگ شاوەیسەوە دامەزراوە، لە ساڵانی رابردوودا لە ناوەندە نێودەوڵەتی و ئەوروپییەکاندا کاری کردووە بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەو تاوانانەی دژی گەلی کورد کراون، سزادانی تاوانباران و قەرەبووکردنەوەی قوربانییان. ئامانجی سەرەکیی رێکخستنی ئەم پانێڵە گواستنەوەی دۆزی کوردە لە پاراستنی مرۆییەوە بەرەو هاوبەشییەکی یاسایی و سیاسیی کاریگەرتر لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، بۆ پاراستنی ناسنامە و مافەکانی خەڵکی کوردستان لە رێگەی دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە و زیندووهێشتنەوەی دۆسیەی تاوانەکانی جینۆساید. هاوکات سەرجەم رێکخراوە ناوبراوەکان لە کاتی دانیشتنەکانی گفتوگۆدا لەناو هۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتاری خۆیان پێشکەش دەکەن.