تیپی مۆسیقای سلێمانی بەرهەمێکی نوێ بۆ ناسری رەزازی تۆمار دەکات و بڵاوی دەکاتەوە
تیپی مۆسیقای سلێمانی، بەمزووانە بەرهەمێکی نوێ بەناوی "چرپەی ناز"، بۆ هونەرمەند ناسری رەزازی تۆمار دەکات و بڵاوی دەکاتەوە، کە بەرهەمەکە لەلایەن کۆمەڵێک ڤایۆلین ژەنانی تیپی مۆسیقای سلێمانی بۆی ئەنجامدراوە.
سێشەممە، 17ی ئاداری 2026، عادل محەممەد کەریم، سەرۆکی تیپی مۆسیقای سلێمانی بە کوردستان24ی گوت، "گۆرانی "چرپەی ناز"، کە لەلایەن هونەرمەند ناسری رەزازی گوتراوە، لە شیعری دیار هەڵەبجەییە و لە ئاواز و میوزیکی زانا مەحموود هەژارە، لەو بەرهەمەدا کۆمەڵێک ڤایۆلین ژەنانی تیپی مۆسیقای سلێمانی تێیدا بەشدارن، ئەوە ئاماژە بەوە دەدات کە هونەرمەندان و ئەندامانی تیپی مۆسیقای سلێمانی بەردەوامن لە کار و بەرهەمهێنان، بۆ ئەوەی پەیامی ژیان، ئومێد و بەردەوامی بگەیەنن بە کۆمەڵگە.
عادل محەممەد کەریم گوتیشی، "تۆمارکردنی ئەم کارە هونەرییە لە کاتێکدا دەکرێت کە ناوچەکە بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی رووبەڕووی دۆخێکی نالەبار بووەتەوە و ئەم تۆمارکردنەش هێمایەکە بۆ زیندوویی و خۆبردوویی موزیسیانە دڵسۆزەکان، کە بەردەوام هەوڵ دەدەن کارە هونەرییەکان بکرێنە ئاوێنەی رۆحی نەتەوەیی و شانازیی شارستانییەتی گەلی کورد."
سەرۆکی تیپی مۆسیقای سلێمانی، باس لە چالاکییەکانی ئەو تیپە دەکات و دەڵێت، "هەروەها سەرەتای مانگی شوبات، تیپەکە بەرهەمێکی دیکەی تۆمارکردووە بە ناوی "شۆڕشی کەزی"، ئەم گۆرانییە لە هۆنراوەی دکتۆر ئاراس و لە ئاوازی هێرش عومەر رەزا و هێمن عومەر رەزا درووست کراوە، عومەر عەبدوڵڵا میوزیکەکەی بۆی داناوە و بە دەنگی هونەرمەند کەویار هەورامی گوتراوەتەوە."
عادل محەممەد کەریم ئاماژەی بەوەش دا، "تیپی مۆسیقای سلێمانی 7 بەرهەمی نوێی بڵاونەکراوەی هەیە کە چاوەڕێی پاڵپشتی دارایی دەکەین تا بتوانین بڵاویان بکەینەوە، مەبەستمان ئەوەیە پێش بڵاوکردنەوەی گۆرانییەکان، کلیپ یاخود وێنەی تایبەت بۆیان بگیرێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی باشتر بگەنە دەستی بینەران."
شایەنی باسە، تیپی مۆسیقای سلێمانی لە ساڵی 1967 لەلایەن دەستەیەک لە ھونەرمەندانی شاری سلێمانی دامەزرا. لە ساڵی 1969 لەگەڵ ھونەرمەندانی شانۆ تێکەڵ دەبن و تیپی "نواندن و مۆسیقای سلێمانی" دەست بەکارکردن دەکات و ساڵێک بەردەوام دەبێت. وێڕای دژواری لە کارکردنی ھونەریی لە ساڵانی تازە دامەزراندنیدا، بەڵام تیپی مۆسیقای سلێمانی رۆڵی ھەبووە لە پاراستن و بەردەوامیدان بەشوناس و مۆسیقای کوردی.