موجتەبا خامنەیی پێشنیازی کەمکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ ئەمریکا رەتدەکاتەوە

ئەمڕۆ سێشەممە، 17ـی ئاداری 2026، بەرپرسێکی ئێرانی رایگەیاند، موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای نوێی ئێران، پێشنیازەکانی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ ئەمریکا رەتکردووەتەوە، کە دەستپێشخەرییەکانی تایبەت بە ئاگربەست لەخۆدەگرێت.

ئەو بەرپرسەی ئێران بەبێ ئەوەی ناوی ئاشکرا بکات بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، ئەم پێشنیازانە لەکاتی کۆبوونەوەیەکی باڵای تایبەت بە سیاسەتی دەرەوە و لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییە ناڕاستەوخۆکان و نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەکانەوە خراونەتەڕوو، ئەمەش بۆ کۆنترۆڵکردنی پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوچەکەیە. 

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشدا، رێبەرە نوێیەکەی ئێران بە توندی ئەو دەستپێشخەرییانەی رەتکردووەتەوە و جەختی لە پێویستیی بەردەوامبوون لەسەر هەڵوێستی ئێستا و نەکردنی هیچ جۆرە سازشێک لەم قۆناخەدا کردووەتەوە.

بە گوتەی سەرچاوەکە، سەرکردایەتیی ئێران پێی وایە بارودۆخی ئێستا رێگە بە چوونە ناو دانوستان یان رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا نادات، بەتایبەتی لە سایەی گرژییە سەربازییەکان و پەرەسەندنی بەردەوامی ململانێکانی ناوچەکە.

گوتیشی: تاران پێی وایە نیشاندانی نەرمی لەم کاتەدا رەنگە وەک لاوازی لێکبدرێتەوە، ئەمەش ئەو خاڵەیە کە سەرکردایەتییە نوێیەکە هەوڵدەدات لێی بەدوور بێت.

سەرچاوەکە ئەوەشی ئشکرا کرد، ئەم هەڵوێستە رەنگدانەوەی ئاراستەیەکی توندترە لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران لەژێر سایەی سەرکردایەتییە نوێیەکەدا، کە زیاتر تیشک دەخاتە سەر بنەمای بەرپەرچدانەوە و تێوەنەگلان لە هەوڵەکانی هێورکردنەوەی دۆخەکە لە ئێستا.