ئاس: بڕیارەکەی کاف ئابروچوونێکی جیهانیە
فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئەفریقیا ناسراو بە '' CAF '' شەوی رابردوو 17ـی ئاداری 2026 بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو رایگەیاند، تانەکەی هەڵبژاردەی مەغریب پەسەند کرا و ناسناوی جامی نەتەوەکانی ئەفریقای 2025 لە سەنیگال سەندرایەوە و پێشکەش بە هەڵبژاردەی مەغریب کرا.
لیژنەی تانەدان لە فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئەفریقا، تانەکەی هەڵبژاردەی مەغریب میوانداری جامی نەتەوەکانی ئەفریقای 2025ـی پەسەند کرد، بە بیانۆی ئەوەی لە یاری کۆتایی پاڵەوانێتیەکە، هەڵبژاردەی سەنیگال بۆ ماوەیەک یاریگایان چۆڵکرد و ئەو بووە هۆی ئەوەی یاریزانەکانی هەڵبژاردەکەیان واتە مەغریب، لە کەش و هەوای یارییەکە دووربکەونەوە، بۆیە داواجار فێدراسیۆنەکە تانەی مەغریبی پەسەند کرد و ئەو ناسناوەی لە سەنیگال سەند و پێشکەش هەڵبژاردەی میواندار کرد.
دوای بڵاوبونەوەی ئەو بڕیارە رۆژنامەی وەرزشی ئاسی ئیسپانی لە ژمارەی ئەمڕۆی لە رووپەڕی رۆژنامەکەی نوسیویەتی '' ئابروچوونێکی جیهانی ''. ئەویش بەهۆی ئەو بڕیارەی فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئەفریقا.
لە یاری کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەفریقای 2025 هەردوو هەڵبژاردەی مەغریبی میواندار و سەنیگال رووبەڕووی یەکتری بونەوە، لە کۆتاییدا سەنیگال توانی یارییەکە بە لێدانە یەکلاکەروەکان بباتەوە، بەڵام دوای نزیکەی حەوت مانگ، ئەو ناسناوەیان لێسەندرایەوە و پێشکەش بە هەڵبژاردەی مەغریب کرا.
لیژنەی تانەدان لە فێدراسیۆنەکە بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەو و رایانگەیاند، بەهۆی جێهێشتنی یاریگا لەلایەن یاریزانەکانی سەنیگال و بە گوێرەی مادەکانی 82 و 84 یاساکانی پاڵەوانێتیەکە، مەغریب بە براوەی یارییەکە دادەندرێت.