رووسیا: جەنگ دژی ئێران بۆ ئەمریکا وێرانکەرە و پێگەی جیهانیی واشنتن لەناو دەبات

یاریدەدەری سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، هەڵگیرسانی جەنگ دژی ئێران بۆ ئەمریکا وێرانکەر دەبێت و هۆشداریی دا، واشنتن بە دەستی خۆی پێگەی خۆی وەک گەرەنتییەکی ئاسایشی هاوپەیمانەکانی لە هەموو جیهاندا لەناو دەبات.

چوارشەممە 18ـی ئاداری 2026، نیکۆلای پاترۆشێڤ یاریدەدەری سەرۆکی رووسیا، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی کۆمێرسانت رایگەیاند: "ئەم جەنگە بۆ خودی ئەمریکاش وێرانکەرە، چونکە ئەمریکییەکان بە دەستی خۆیان پێگەی خۆیان وەک پارێزەری ئاسایشی هاوپەیمانەکانیان تێکدەدەن"، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم ململانێیە بۆ بەرژەوەندی هیچ لایەک نییە و هیچ پاساوێکی لۆژیکی و هۆکارێکی بابەتیی نییە.

یاریدەدەری سەرۆکی رووسیا ئاماژەی بەوە کردووە، ململانێکانی پەیوەست بە ئێران سنووری کەنداوی تێپەڕاندووە، وەک ئاماژەیەک بۆ رووداوی پێکانی کەشتییەکی جەنگیی ئێرانی لەلایەن ژێردەریاییەکی ئەمریکییەوە بە تۆرپیدۆ لە زەریای هیندی، پاترۆشێڤ ئەمەی وەک یەکەمین حاڵەتی لەو شێوەیە لە ماوەی زیاتر لە 40 ساڵی رابردوودا وەسف کرد.

روونیشیکردەوە، کەشتییە ئێرانییەکە هیچ چەکێکی هەڵنەگرتبوو، چونکە لە گەڕانەوەدا بوو دوای بەشداریکردنی لە مانۆڕی دەریایی نێودەوڵەتی میلان کە تیایدا 51 وڵات بەشداربوون بۆ راهێنان لەسەر ئەرکە مرۆییەکان.

پاترۆشێڤ متمانەی خۆی دەربڕی کە قەیرانی ئێستا چارەسەر دەبێت و گەلی ئێران لەسەر رێڕەوی سەروەریی خۆی بەردەوام دەبێت، جەختیشی کردەوە، ئێران هاوبەشێکی ستراتیژی رووسیایە و پەیوەندییەکی دێرین و هاوکارییەکی بەرهەمدار لە نێوانیاندا هەیە.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە لە 28ـی شوباتی رابردوو، ئەمریکا و ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوانیان دژی ئێران دەستپێکرد کە بووەتە هۆی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای پێشووی ئێران و هەزاران قوربانی مەدەنی، لەگەڵ بەردەوامیی ئاڵوگۆڕی هێرشی موشەکی و درۆن لە نێوان لایەنەکاندا، هاوکات وەکو وەڵامدانەیەوەک بۆ هێرشەکان ئێران هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر چەند وڵاتاێکی دراوسێی دەست پێکرد و دەیان کەس بە هۆی هێرشەکانەوە بوونەتە قوربانی.