وۆڵ ستریت جۆرناڵ: چین لە بواری نەوت و مووشەک دا پاڵپشتی ئێران دەکات

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا پەردەی لەسەر سروشتی ئەو پاڵپشتییە هەمەلایەنانە لادا کە چین پێشکەشی ئێرانی دەکات، بەتایبەت لە کاتی گرژی و ململانێکانی تاران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل.

چوارشەممە 18ـی ئاداری 2026، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی راپۆرتێکی لە بارەی هاوهاری و پاڵپشتییەکانی چین بۆ ئێران بڵاوکردووەتەوە، لە راپۆرتەکەدا هاتووە، هەرچەندە چین لە ساڵی نەوەدەکانەوە فرۆشتنی چەکی بە شێوەیەکی فەرمی بە ئێران کەم کردووەتەوە، بەڵام کۆمپانیا چینییەکان بەردەوامن لە دابینکردنی ئەو کەرەستانەی کە بەکارهێنانی سەربازییان هەیە.

 لەوانە:

1- بزوێنەری فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهید.
2- ماددە کیمیاییە پێویستەکان بۆ دروستکردنی سووتەمەنی مووشەک.
3- ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی ناو سیستمە جەنگییەکان.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ساڵی رابردوو دوو کەشتی چینی هەزار تۆن ماددەی کیمیاییان بۆ ئێران گواستووەتەوە کە بۆ دروستکردنی سووتەمەنی "پۆڵایین"ی مووشەک بەکاردێت، ئەم بڕەش بەشی بەرهەمهێنانی 250 مووشەکی مەودا مامناوەند دەکات، هەروەها دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، کەشتیی تریش هەمان جۆرە ماددەیان گەیاندووەتە تاران.

لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانەوە رۆژنامەکە رایگەیاندووە، چین بە فەرمی دژی پەرەپێدانی چەکی ناوەکییە لەلایەن ئێرانەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا پاڵپشتی مافی تاران دەکات بۆ هەبوونی وزەی ئەتۆمی ئاشتییانە، هەروەها  لە ئێستادا پەیژین زیاتر جەخت لەسەر فرۆشتنی پارچەی مووشەکی و یارمەتیدانی ئێران دەکات بۆ دەربازبوون لە سزاکانی پەیوەست بەو کەرەستانەی کە بەکارهێنانی دووانییان هەیە واتە لە بوارەکانی (سڤیل و سەربازی).

سەبارەت بە پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ئێران و چین، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ئاماژەی بەوەکردووە، چین بە گرنگترین هاوبەشی ئابووری ئێران دادەنرێت؛ پەیژین 90%ـی هەناردەی نەوتی ئێران دەکڕێت نزیکەی 1.6 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، ئەمەش ساڵانە دەیان ملیار دۆلار بۆ گەنجینەی ئێران دابین دەکات.
هەروەها بۆ خۆدزینەوە لە سزاکانی ئەمریکا، چین لە رێگەی پاڵاوگە بچووک و سەربەخۆکانەوە نەوتەکە دەکڕێت نەک کۆمپانیا حکوومییە گەورەکان، زۆرجاریش ناسنامەی سەرچاوەی نەوتەکە لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە دەشاردرێتەوە.

بەگوێرەی قسەی ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەمریکی، چین ئاسانکاری دەکات بۆ تۆڕێکی بانکیی نهێنی و ئاڵۆزی ئێرانی لە جیهاندا کە پارەی نەوەت نە شێوازی جیاواز و رێگەی نایاسایی دەگەڕێتەوە بۆ ئێران.

 لەوانەش:

1- پاڵاوگە چینییەکان پارەی نەوتەکە بە "یوان" دەدەن.
2- ئێران ئەو پارەیە بۆ کڕینی کاڵای چینی و جێبەجێکردنی پڕۆژەی ژێرخانی ئابووری لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا بەکاردێنێتەوە ئەمەش بە شێوازی (ئاڵوگۆڕی کاڵا بە کاڵا).
3- پارەکان لە رێگەی کۆمپانیا "وەهمییەکان"ەوە لە هۆنگ کۆنگ دەگۆڕدرێنەوە بۆ دراوەکانی تر.

لە رووی سیاسییەوە، چین و رووسیا رۆڵی سەرەکییان هەبوو لە ئەندامبوونی ئێران لە گرووپی "برێکس" 2024 و رێکخراوی "شانگهای" 2023، هەروەها هەماهەنگی سەربازی لە نێوان هەردوولا گەیشتووەتە ئاستی ئەنجامدانی مانۆڕی هاوبەشی دژە تیرۆر کە ساڵی رابردوو بە بەشداری چین و رووسیا لە ئێران بەڕێوەچوو.