پزیشکیان: هێرشکردنە سەر ژێرخانی وزە لێکەوتەی خراپی بۆ هەموو جیهان دەبێت

سەرۆککۆماری ئێران، لە پەیامێکدا بە ئامانجگرتنی کەرتی وزەی وڵاتەکەی سەرکۆنە کرد و رایگەیاند، ئەم هێرشانە هیچ دەستکەوتێک بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل بە دەست ناهێنن، بەڵکو بارودۆخەکە بەرەو لێواری تەقینەوە دەبەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی ئاداری 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، پەیامێکی بڵاو کردەوە، تێیدا بە توندی سەرکۆنەی بە ئامانجگرتنی ژێرخانەکانی وزە و تێکدانی کەرتی سووتەمەنی و کارەبای لە وڵاتەکەی کرد.

سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاند: "ئەم کارە دوژمنکارانە و دەستدرێژییانە، هیچ دەستکەوتێک بۆ دوژمنی ئیسرائیلی-ئەمریکی و هاوپەیمان و پشتیوانانیان بەدەست ناهێنن." 

پزیشکیان ئاماژەی بەوە دا، کە ئەم جۆرە کردەوانە نەک هەر ناتوانن ئیرادەی گەل و دەوڵەتی ئێران بشکێنن، بەڵکو تەنیا دەبنە هۆی ئاڵۆزترکردنی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، پزیشکیان هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە هێرشبەرەکان کرد و جەختی کردەوە: "ئەم ڕەفتارانە دەبنە هۆی دروستبوونی لێکەوتەی وەها کە لە کۆنتڕۆڵ دەردەچن و سێبەرە رەشەکانی و کاریگەرییە نەرێنییەکانیان تەنیا لە سنوورەکاندا نامێننەوە، بەڵکوو تەواوی جیهان دەگرنەوە."

ئەم لێدوانانەی سەرۆککۆماری ئێران لە کاتێکدایە، کە گرژییەکانی ناوچەکە گەیشتوونەتە لوتکە و پەککەوتنی ژێرخانەکان دەکرێت کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بازاڕی جیهانیی وزە و سەقامگیریی نێودەوڵەتی هەبێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئیسرائیل بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا، هێرشێکی موشەکی بەرفراوانی کردە سەر دامەزراوە هەستیارەکانی وزەی ئێران، بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی "فارس"ی ئێرانی، هێرشەکە زیانی بە پاڵاوگەکانی کێڵگەی گازی "پارسی باشوور" لە ناوچەی عەسەلویە لە باشووری وڵات گەیاندووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.