وەزارەتی بازرگانی: خزمەتگوزاریی زیادکردنی منداڵ بۆ پسوولەی ئەلیکترۆنیی خۆراک کارا کرا

وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمرۆ هەینی، 20ـی ئاداری 2026، رایگەیاند، خزمەتگوزاریی زیادکردنی منداڵانی خوار تەمەن 12 ساڵی، لە رێگەی سیستەمی پسوولەی ئەلیکترۆنیی خۆراکەوە کارا کردووە، ئاماژەی بەوەشداوە، ئەم خزمەتگوزارییە لە سەرجەم لقەکانی بەغدا بەردەست دەبێت.

تاڵیب حەسەن نیعمە، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پلاندانان و بەدواداچوون، رایگەیاندووە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی وەزارەتی بازرگانی دێت بۆ پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکانی پسوولەی خۆراک و ئاسانکاریکردن بۆ هاووڵاتییان، ئەویش لە رێگەی پشتبەستن بە سیستەمە ئەلیکترۆنییە نوێیەکان.

تاڵیب حەسەن گوتیشی، "وەزارەت بەردەوامە لە گشتگیرکردنی ئەم خزمەتگوزارییە بۆ لقەکانی دیکەی پسوولەی خۆراک لە سەرجەم پارێزگاکان، ئەوەش وەک بەشێک لە پلانێکی قۆناغ بە قۆناغ کە ئامانج لێی بەرزکردنەوەی ئاستی کارایی و دەستەبەرکردنی مافە بۆ سەرجەم شایستەکانی پسوولەی خۆراک، بە جۆرێک کە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە شێوەیەکی ئاسان و خێرا بۆ هەموو هاووڵاتییان مسۆگەر بکات."