ئەمریکا سزا لەسەر نەوتی ئێران هەڵدەگرێت

کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا ، ئەمڕۆ هەینی، 20ـی ئاداری 2026 رایگەیاند، لە پاش هەڵگرتنی سزاکان، لە ماوەی سێ بۆ چوار رۆژی داهاتوودا نەوتی ئێران دەگاتە بەندەرەکان.

لە میانی چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا کریس رایت ئاماژەی بەوە کردووە، "لەگەڵ هەڵگرتنی سزاکاندا، نەوتی ئێران دەست دەکات بە گەیشتن بە بەندەرەکان و پێشبینی دەکەین ئەم پرۆسەیە لە ماوەی 3 بۆ 4 رۆژدا دەست پێبکات."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری وزەی ئەمریکا باسی لە پرسی یەدەگی ستراتیژیی نەوت کرد و گوتی: "لە چەند مانگی داهاتوودا دەست دەکرێت بە خستنەڕووی نەوت لە یەدەگی ستراتیژییەوە." 

هەروەها روونیشی کردەوە: "ئێستا لە کیشوەری ئاسیا خواستێکی زیاتر لەسەر نەوت هەیە، بەڵام ئێمە بەشدارین لە پرۆسەیەکی دابەشکردنی هەماهەنگکراودا بۆ هاوسەنگکردنی پێداویستییەکان."

ئەم لێدوانەی رایت دوای ئەوە هات کە سکۆت بایسێنت وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممەی رابردوو رایگەیاند، رەنگە ئەمریکا سزاکانی سەر نەوتی ئێران هەڵبگرێت، ئەمەش بۆ سنووردارکردنی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە.

ئەم راگەیاندنە لە کاتێکدایە کە بازاڕەکانی نەوت بەهۆی گرژییەکانی ڕرژهەڵاتی ناوەڕاست ناجێگیرییەکی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە، هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران دەبێتە هۆی زیادبوونی دابینکردنی نەوتی جیهانی و ئەگەری کەمکردنەوەی فشارەکان لەسەر نرخی نەوت و بەکاربەران.