ئەبولفەزڵ شەکارچی:ئیتر جیهان بۆ بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیل پارێزراو نیە
گوتەبێژی باڵای هێزە چەکدارەکانی ئێران دەڵێت " بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لە بارەی بەرپرسان و سەرکردە باڵاکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە بەردەستمانە، چیتر پارک، شوێنە گشتییەکان و ناوەندە گەشتوگوزارییەکانی جیهان بۆیان شوێنی پارێزراو نابن".
میدیاکانی ئێران ئەمڕۆ هەینی 20ی ئاداری 2026، پەیامێکی توندی، ئەبولفەزڵ شەکارچی، گوتەبێژی باڵای هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەیان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت " بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەکوو خەڵکی ئاسایین و لەگەڵ خەڵک و لە نێو خەڵکدا دەژین، چونکە وەک بەرپرسانی ئیسرائیل و ئەمریکا نین، کە ناتوانن بەرانبەر خۆڕاگری گەلی قارەمانی ئێران و بوێری هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی خۆڕاگر بن، بۆیە لە ژێر زەوی و لە پەناگەدا خۆیان حەشارداوە و خەڵکی وەک قەڵغانێک بۆ پاراستنی خۆیان بەکاردەهێنن ".
شەکارچی دەڵێت " کوشتنی بەرپرسانی باڵا و فەرماندەکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران، نیشانەی بەهێزی دوژمن نییە، بەڵکو نیشانەی بێئومێدی و بێدەسەڵاتی و خراپەکاریی دوژمنانە، بەڵام چاودێری بەرپرسان، فڕکەوان و سەربازەکانیان دەکەین، هێندە ناخایەنێت هێزەکانی ئێران لە هێرشەکانیان بەردەوام دەبن و هەمووان بە سزا دەگەیەنن".