سوپای پاسداران خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی ئێف 16ـی ئیسرائیلی راگەیاند

پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانییان سێیەمین فڕۆکەی جەنگییان لە جۆری "F-16"ی ئیسرائیلی پێکاوە.

بەپێی راگەیەندراوەەکە، سیستەمی مۆدێرن و پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانیی سەر بە هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران، ئەمڕۆ، فڕۆکەیەکی جەنگیی ئێف 16ـی ئیسرائیلییان کردووەتە ئامانج و پێکاویانە.

هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا، تیشک خراوەتە سەر تواناکانی ئەم دواییەی سوپای پاسداران و ئاماژە بەوە دەکات، کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئێران لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوودا سەرکەوتوو بووە لە رێگریکردن و تێکشکاندنی زیاتر لە 200 ئامانجی ئاسمانی. 

ئەو ئامانجانەی تێکشکێنراون پێکهاتوون لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، مووشەکی کروز، فڕۆکەی دابینکردنی سووتەمەنیی ئاسمانی و فڕۆکە جەنگییە پێشکەوتووەکانی دوژمن لە ئاسمانی ئێراندا، کە وەک لە راگەیەندراوەکەدا جەختی کراوەتەوە، "ئەمە نیشاندەری بەهێزبوونی تواناکانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیە."