شەشەمجارە بنکەی پشتیوانی دیپلۆماسی ئەمریکا دەکرێتە ئامانج
لە کەمتر لە 24 کاتژمێردا، شەشەمجارە بنکەی پشتیوانی دیپلۆماسی ئەمریکا (ڤیکتۆریا) لە بەغدا دەکەوێتە بەر هێرشی درۆن و کاتیۆشا. هاوکات لە گەڕەکی جیهادی بەغدا ئۆتۆمبێلێک بە سووتاوی دۆزرایەوە، کە سەکۆی کاتیۆشیای تێدا جیگیرکرابوو.
بە گوێرەی زانیارییەکانی شڤان جەباری پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، لە ئێوارەی شەممەوە تا کاتژمێری سێی بەرە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی ئاداری 2026، شەش جار، هەر جارەی بە چەند درۆنێک و ژمارەیەک رۆکێتی کاتیۆشا بنکەکە بکرێتە ئامانج، هەر لە رۆژئاوی بەغدا و لە گەڕەکی جیهاد کە نزیکترین شوێنە لە فڕۆکەخانەی بەغدا و بنکەی پشتیوانی دیپلۆماسی ئەمریکا ئۆتۆمبێلێک بە سووتاوی دۆزرایەوە کە بنکەیەکی هەڵدانی 10 رۆکێتی کاتیۆشای تێدا جیگیرکراوە، بەڵام روون نەبووەتەوە ئایا لەگەڵ هەڵدانی کاتیۆشاکان سووتاوە یان لەلایەن هێزی ئاسمانی ئەمریکاوە کراوەتە ئامانج.
گوتیشی؛ لە هەر شەش هێرشەکەدا 18 درۆن و رۆکێتی کاتیۆشیا ئاراستەی ئەو بنکە ئەمریکییە کراوە و بەهۆیەوە زیان بەر بنکەکە کەوتووە و ئاگریشی لێکەوتووە.
هەر بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی دەستی شڤان جەباری کەوتوون، لەسەرەتای جەنگی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران، لە 28ی شوباتەوە تاوەکوو بەرە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە زیاتر لە 433 هێرش لەلایەن بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی عێراق کراوەتە سەر بنکەی پشتیوانی دیپلۆماتی و باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و بەشێکیان بۆ سەر هەولێر بوون.
هەروەها لە بەرانبەر هێرشەکانی بەرەی مقاوەمە، هێزی ئاسمانی سوپای ئەمریکا 32 هێرشی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی کردووە، بەڵام هیچ ئامارێک لەبارەی هێرشەکانی سەر بەرەی مقاوەمە ئاشکرا نەکراوە.
لەبارەی هێرشەکانی سەر چەکدارەکانییەوە، حەشدی شەعبی بە فەرمی بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی هێرشەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بۆ بنکە و بارەگاکان، 27 ئەندامی کوژراون و 57 ئەندامی دیکەشی بریندار بوون.