وەزارەتی بەرگریی سعوودیە: ریاز بە سێ مووشەکی بالیستی کرایە ئامانج
وەزارەتی بەرگری سعوودیە رایدەگەیەنێت، پایتەختی وڵاتەکەیان رووبەڕووی هێرشێکی نوێی مووشەکی بووەتەوە و لە وەڵامیشدا ریاز بڕیاری دەرکردنی ژمارەیەک دیپلۆماتکاری ئێرانی دا. لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران، ئێران نزیکەی 480 مووشەک و درۆنی ئاراستەی سعوودیە کردووە.
وەزارەتی بەرگری سعوودیە بڵاویکردەوە، ئێران بەردەوامە لە بە ئامانجگرتنی وڵاتەکەیان و لە دوایین پێشهاتدا، ریازی پایتەخت بە 3 مووشەکی بالیستی کرایە ئامانج. بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، یەکێک لە مووشەکەکان لەلایەن سیستەمی بەرگرییەوە تێکشکێنراوە و 2 مووشەکەکەی دیکە لە بیابانەکانی دەوروبەری شارەکە کەوتوونەتە خوارەوە.
ئامارە فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، لەو کاتەوەی هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ی شوبات دەستیپێکردووە، تاران نزیکەی 440 درۆن و 40 مووشەکی ئاراستەی خاکی سعوودیە کردووە.
وەک کاردانەوەیەکی دیپلۆماسی بەرانبەر ئەو هێرشانە، حکوومەتی سعوودیە فەرمانی بە 5 دیپلۆماتکار و کارمەندی باڵیۆزخانەی ئێران کردووە، خاکی وڵاتەکەی جێبهێڵن.
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە، گرژییەکانی ناوچەکە بەهۆی جەنگی نێوان ئێران و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی وڵاتانی ناوچەکە بەردەوامییان هەیە.