پزیشکیان: تیرۆرکردنی خەڵکی ئێران دەبێتە هۆی یەکڕیزی گەلی ئێران

سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاند، خەیاڵی سڕینەوەی ئێران لە نەخشەی جیهاندا نیشانەی بێهیوایی و بێ دەسەڵاتیی نەیارانی وڵاتەکەیەتی. گوتیشی کە گەرووی هورمز بۆ کەشتیی هەموو وڵاتان کراوەیە، تەنیا ئەو وڵاتانە نەبێت کە هێرش دەکەنە سەر خاکی ئێران.

یەکشەممە 22ی ئاداری 2026، مەسعوود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) ئاماژەی بەوە کرد، کە بیرۆکەی سڕینەوەی ئێران لە نەخشەدا تەنیا خەیاڵە و نیشانەی شکستی نەیارانیانە لە بەرانبەر ئیرادەی میللەتێکی مێژووسازدا.

پزیشکیان جەختی کردەوە کە هەڕەشە و تیرۆرکردنی خەڵکی ئێران تەنیا دەبێتە هۆی ئەوەی گەلی ئێران ریزەکانی خۆی زیاتر یەک بخات و یەکگرتووتر بێت.

سەبارەت بە دۆخی گەرووی هورمز، پزیشکیان رایگەیاند: "گەرووی هورمز بەڕووی کەشتیی هەموو وڵاتاندا کراوەیە، جگە لەو دەستدرێژیکارانەی کە هێرش دەکەنە سەر خاکی ئێران."

پزیشکیان هۆشداریی دایە لایەنە شەڕکەرەکان و گوتی: "وەڵامی هەموو ئەو لێدوانە بێ بنەما و هەڕەشانە، بە شێوەیەکی بڕیاردەرانە لە مەیدانی جەنگدا دەدەینەوە."