ئیسماعیل بەقایی: هیچ گفتوگۆیەک لەگەڵ ئەمریکا نەکراوە
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، پشتڕاستی کردەوە کە لە رێگەی وڵاتانی نێوەندگیرەوە پەیامی ئەمریکایان بۆ ئەنجامدانی دانوستان و کۆتاییهێنان بە شەڕ پێگەیشتووە. تاران جەخت دەکاتەوە کە هەرچەندە پەیام ئاڵوگۆڕ کراوە، بەڵام هیچ دانوستانێکی راستەوخۆ لەگەڵ واشنتن ئەنجام نەدراوە و هۆشداریش دەدات کە هەر هێرشێک بۆ سەر ژێرخانی وزەی وڵاتەکەی، بە وەڵامێکی "دەستبەجێ و بڕیاردەرانە" رووبەڕوو دەبێتەوە.
دووشەممە 23ـی ئازاری 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا، لە رێگەی چەند وڵاتێکی دۆست و هاوڕێوە، پەیاممان پێگەیشتووە کە تێیدا ئەمریکا داوای دانوستانی کردووە بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕ."
بەقایی ئاماژەی بەوە کرد کە کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی گونجاو و لە چوارچێوەی هەڵوێستە بنەڕەتییەکانی خۆیدا، وەڵامی ئەو پەیامانەی داوەتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە جەختی کردەوە کە تاران لە وەڵامەکانیدا هۆشداریی توندی داوەتە لایەنی ئەمریکی سەبارەت بە لێکەوتە مەترسیدارەکانی هەر هێرشێک بۆ سەر ژێرخانە وزە و کارەباکانی ئێران. گوتیشی: "بە روونی پێمان راگەیاندوون کە هەر جۆرە کارێکی سەربازی دژ بە ژێرخانی وزەی ئێران، رووبەڕووی وەڵامێکی یەکلاکەرەوە، دەستبەجێ و کاریگەری هێزە چەکدارەکانمان دەبێتەوە."
سەبارەت بە دەنگۆکانی بوونی دانوستانی راستەوخۆ لە نێوان تاران و واشنتن، بەقایی بە توندی ئەو هەواڵانەی رەت کردەوە و رایگەیاند، ئێمە هیچ جۆرە گفتوگۆ و دانوستانێکمان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجام نەداوە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ئیسماعیل بەقایی دووپاتی کردەوە کە هەڵوێستی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە پرسی گەرووی هورمز و ئەو مەرجانەی کە پێشتر بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ دیاری کراون، هیچ گۆڕانکارییەکیان بەسەردا نەهاتووە و وەک خۆیان ماونەتەوە.