رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران: هێرشکراوەتە سەر بنکەی ئەتۆمیی بوشەهر
رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران دەڵێ ئەمریکا ئەمرۆ جارێکی دیکە هێرشی کردووەتە سەر شوێنێک لە نزیک بنکەی ئەتۆمیی بوشەهر.
رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: کاتژمێر 9:08 خولەکی ئەمشەو مووشەکێک لە نزیک بنکەی ئەتۆمیی بوشەهر تەقیوەتەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی و مادیی لێ نەکەوتووەتەوە.
وزەی ئەتۆمی ئێران ئاماژەی بەوە داوە، بەشە جیاوازەکانی وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهریش زیانیان بەرنەکەوتووە، نۆ رۆژ لەمەوبەر بە مووشەک هێرش کرابوویە سەر ئەم شوێنە، بەڵام هێرشەکە زیانی لێ نەکەوتبووەوە.
رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران جەختی کردووەتەوە، هێرشی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییە ئاشتیخوازانەکان، پێشێلکردنی ئاشکرای هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە پارێزراوبوونی ئەم جۆرە دامەزراوانەیە.
هەروەها باس لەوە کراوە، ئەم هێرشانە دەتوانن لێکەوتەی زۆر مەترسیدار و قەرەبوو هەڵنەگریان بۆ ئاسایش و ئارامیی ناوچەکە و بە تایبەت بۆ وڵاتانی کەنداو بەدوادا بێت.