هەولێر.. مەریوان پیرباڵ پێشانگەیەکی خۆشنووسی کردەوە

مەریوان پیرباڵ، خۆشنووس و شێوەکار، پێشانگەیەکی خۆشنووسی لەژێر ناوی "گرۆتێسک" لە هەولێر لە گەلەری میدیا کردەوە.

چوارشەممە، 25ی ئاداری 2026، مەریوان پیرباڵ، خۆشنووس و شێوەکار، دەربارەی کردنەوەی پێشانگەکەی بە کوردستان24ی گوت، "چەند بابەتێک هەبوو حەزم کرد کاری لەسەر بکەم ئەویش جواننووسییە، بەڵام شێوە نەریتیەکەم پەیڕەو نەکردووە و زیاتر کارم لەسەر هێڵ کردووە، هەروەها لەسەر مافوور کارم کردووە، مافوور بۆمن کەرەستەیەکی گرنگی هونەری بووە، هەروەها مرۆڤی غەمگین لەناو تابلۆکانم بەدی دەکرێت، ئەوانە بابەتی سەرەکی کارە هونەرییەکانی منن."

مەریوان پیرباڵ گوتیشی، "جۆرێک لە وێنەکێشانی کۆن هەیە کە پێی دەڵێن منیاتۆر، کە تەمەنی هەزار ساڵ دەبێت، کە هەستێکی راستی بە بینەر دەدات، شەرەف خانی بەدلیسی یەکێک لەو کەسانە بووە کە کاری منیاتۆری کردووە، بەڵام ئەو کارە لەبیرکراوە، پاشان کورد زۆر بەدوای نەگەڕاوە و هاتووە کاری ئەکادیمی کردووە، هەر بۆیە من جارێکی دیکە کارم لەسەر منیاتۆر کردووە و گرنگیم پێداوە لەکارەکانم دا."

ئەو هونەرمەندە باس لە گرنگی ناوی پێشانگەکەی دەکات و دەڵێت، "گرۆتێسک، بابەتێکە لە بابەتەکانی ناو پێشانگەکەم، خۆی ئەفسانەیە، کە مرۆڤ و ئاژەڵ لەیەک جەستەدا کۆدەبنەوە، ئەمەش جۆرێکە لە دەربڕین، کە من پەیڕەوم کردووە. ئەو بابەتانەم بەشێکی لەسەر تابلۆ دروستم کردوون، بەردیش بۆمن گرنگییەکی زۆری هەبووە و بایەخی زۆرم پێداوە.

شایەنی باسە، ئەو پێشانگە خۆشنووسییە کە لەلایەن کۆمەڵەی خۆشنووسانی کوردستان، بەهاوکاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، ئەمڕۆ 25ی ئاداری 2026 کرایەوە و بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.

مەریوان پیرباڵ، خۆشنووس و شێوەکار، لەساڵی 1981 لە شاری هەولێر لەدایک بووە. لە منداڵییەوە دەستی کردووە بە راهێنان و خۆشنووسی. لەساڵی 1998 بووە بە ئەندامی کۆمەڵەی خۆشنووسانی کوردستان. بەکالۆریۆسی هێناوە لە بواری یاسا. تاوەکو ئێستا بەشداری لە دەیان پێشانگەی خۆشنووسی کردووە. لەساڵی 2006 خەڵاتی دووەمی جۆری خەتی نەستەعلیقی بەدەستهێناوە، لەسەر ئاستی کوردستان. بەشداریکردووە لە چەند پێشبڕکێیەکی خۆشنووسی لە ناوە و دەرەوەی وڵات. لەساڵی 2000  بووە بە ئەندامی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان. لەساڵی 2006 بووەتە ئەندامی بنکەی رۆشنبیری عێڕاقی بۆ خەت و نەخشسازی. ئێستا سەرۆکی کۆمەڵەی خۆشنووسانی کوردستانە.