یانەیەکی سعوودی ئامادەیە مووچەیەکی خەیاڵی پێشکەشی سەڵاح بکات

محەمەد سەڵاح
محەمەد سەڵاح

محەمەد سەڵاح هێرشبەری مسڕی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی، بە شێوەیەکی فەرمی سەرەڕای نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی تاوەکو هاوینی ساڵی 2027، بەڵام ساڵێک پێشتر و هاوینی ئەمساڵ ریزەکانی یانەکەی جێدەهڵێت.

لەگەڵ بڵاوبونەوەی هەواڵی چوونی سەڵاح لە یانەی لیڤەرپوول، دەنگۆکان لەبارەی داهاتووی ئەو یاریزانە بەهێزتر بوون. رۆژنامەی میرەری بەریتانی زانیاری دەستکەوتووە، یانەی نەسڕی سعوودی ئامادەیە هێرشبەرە مسڕییەکە بگوازێتەوە ریزەکانی.

سەرچاوە بەریتانیەکەش بڵاویکردەوە یانە سعوودیەکە کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ سەرکردایەتی دەکات، ئامادەیە هەفتانە 1 ملیۆن دوو سەد هەزار پاوەند وەکو مووچە پێشکەشی بکات، بەمەش سەڵاح دەبێتە خاوەنی سێ هێندەی مووچەی ئێستای لە یانەی لیڤەرپوول.

یانەکانی سعوودی چەند وەرزێکە هەوڵ بۆ گواستنەوەی محەمەد سەڵاح دەدەن، بەڵام ئەو یاریزانە مسڕییە سەرەتای ئەم وەرزە گرێبەستەکەی تاوەکو هاوینی ساڵی 2027 نوێکردەوە. دواجار بە رێککەوتنی هەردوولا، بڕیاردرا کە محەمەد کۆتایی ئەم وەرزە بێ بەرامبەر یانەکەی جێبهێڵێت.