ئانچێلۆتی وەڵامی رەخنەکان لەبارەی بانگهێشت نەکردنی نێیمار دەداتەوە
دوای بانگهێشت نەکردنی نێیمار داسیلڤا بۆ ریزەکانی هەڵبژاردەی بەڕازیل بۆ مۆندیالی 2026، زۆربەی ئەستێرەکانی پێشووی ئەو هەڵبژاردەیە لە بڕیارەکەی کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری ئیتاڵی هەڵبژاردەکەیان ناڕازین و ئەویش وەڵامیان دەداتەوە.
کارلۆ ئانچێلۆتی لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییە دۆستانەکەی هەڵبژاردەکەی بەرامبەر فەڕەنسا گووتی '' من ئاگاداری هەموو شتێکم و گوێ لە هەموو رەخنەکانیش دەگرم، بەڵام لە کۆتاییدا بڕیاری خۆم دەدەم و گوێ بە هیچ کەسێک نادەم، زۆر ئاساییە هەر کەسێک بوچوونی خۆی هەبێت. تۆپی پێ زانکۆ نیە و هەروەها زانستێکی ئەوەندە ووردیش نیە، هەموو کەسێک قسەی خۆی دەکات و منیش رێز لە هەموو قسەکان دەگرم ''.
رۆماریۆ ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی بەڕازیل، لەبارەی بانگهێشت نەکردنی نێیمار بۆ مۆندیالی 2026 دەڵێت '' ئەستێرەکانی پێویستە یاری بکەن، هەڵبژاردەی نیشتیمانی شوێنی یاریزانە بە ئەزموونەکانە، ئامادەکاری بۆ مۆندیال بۆ ماوەی یەک مانگ بەردەوام دەبێت و یاریزانێک دەرفەتی ئەوەی هەیە خۆی بسەلمێنێت ''.
لەلایەکی دیکەوە رۆناڵدۆ نازاریۆ دیاردەی پێشووی هەڵبژاردەکەش لەبارەی بانگهێشت نەکردنی نێیمار دەڵێت '' ئەگەر نێیمار ئامادە بێت چانسی ئەوەی هەیە بانگهێشتی مۆندیال بکرێت، بۆیە هیوادارم نێیمار ئامادەبێت و دڵنیام ئەو کاتە ئانچێلۆتی بانگهێشتی مۆندیالی دەکات ''.
کارلۆ ئانچێلۆتی لە رۆژی 26ـی ئایاری ساڵی 2025 وەکو راهێنەری هەڵبژاردەی بەڕازیل دەست نیشانکرا، لەو کاتەوە راهێنەرە ئیتاڵیەکە هیچ کاتێک نێیمار داسیلڤای ئەستێرەی پێشووی سامبای بانگهێشتی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی نەکردووە.