نەعیم قاسم: لە جەنگێکی بەرگریی سەختداین بۆ پاراستنی خاکی لوبنان
ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان، دووپاتی کردەوە، کە هێزەکانیان لە جەنگێکی بەرگریی سەختدان بۆ پاراستنی خاکی لوبنان. دەشڵێت: سەرەڕای هەموو قوربانییەکان، دڵنیان لەوەی هەرگیز تێکشکان قبووڵ ناکەن.
نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان، لە میانەی پەیامێکدا کە ئەمرۆ چوارشەممە 25ـی ئاداری 2026، بڵاو کرایەوە، ئاماژەی بەوە کرد، کە حزبەکەی لە جەنگێکی چارەنووسسازدایە بۆ بەرگریکردن لە لوبنان.
هاوکات رایگەیاند: "ئێمە دڵنیا و متمانەمان بەخۆمان هەیە کە هەرگیز تێکشکان ناناسین، هەتا ئەگەر قوربانی زۆر گەورەش بدەین.
نەعیم قاسم ئاشکرای کرد، کە پڕۆژەیەکی "ئەمریکی-ئیسرائیلی" مەترسیدار لە ئارادایە بۆ دروستکردنی "ئیسرائیلی گەورە" کە ئامانجی داگیرکاری و فراوانخوازییە لە فوراتەوە تا نیل، لوبنانیش یەکێکە لە ئامانجەکان.
ئاماژەی بەوەش کرد، دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان لە 27ـی تشرینی دووەمی 2024ـەوە نەوەستاون و ئیسرائیل پابەندی هیچ رێککەوتنێک نەبووە، بەڵکو بۆ ماوەی 15 مانگ بەردەوام بووە لە هێرشەکانی.
ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا رایگەیاند، کە ئەوان تەنیا دوو بژاردەیان لەبەردەمدا بووە؛ یان رادەستبوون و دەستبەرداربوون لە خاک و کەرامەت، یان رووبەڕووبوونەوە و بەرگری.
گوتیشی: "بەرگری کاتێکی گونجاوی بۆ وەڵامدانەوە هەڵبژارد، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی دەرفەتی سوپرایزکردن لە دوژمن بستێنرێتەوە و رێگری لە تاکڕەویی ئیسرائیل لە هێرشکردنە سەر لوبنان بکرێت."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، نەعیم قاسم جەختی کردەوە، کە ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمن بەرپرسیارێتییەکی گشتییە و دەکەوێتە سەر شانی حکوومەت، سوپا و گەل.
هۆشداریشی دا لەوەی کە داواکارییەکان بۆ چەکداماڵینی حزبوڵڵا، هەنگاوێکە بەرەو لەناوچوونی لوبنان و بەدیهێنانی خەونی ئیسرائیل.
هەروەها ڕەخنەی لە هەر جۆرە دانوستانێک گرت لەژێر هێرش و ئاگردا و گوتی: "دانوستان لەگەڵ دوژمنێک کە خاکەکەت داگیر دەکات و رۆژانە هێرش دەکات، رەتکراوەیە."