گۆتێرێز: جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کۆنترۆڵ دەرچووە و مەترسیی برسێتییەکی جیهانی هەیە

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشدارییەکی توندی دا و رایگەیاند، شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کۆنترۆڵ دەرچووە و جیهان رووبەڕووی مەترسیی هەڵگیرسانی جەنگێکی فراوانتر دەبێتەوە.

چوارشەممە 25ـی ئاداری 2026، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ هەفتە بەسەر پەرەسەندنە سەربازییەکان، پێویستە ئەم دۆخە کۆتایی پێ بهێنرێت، هاوکات گۆتێرێز داوای لە ئەمریکا و ئیسرائیل کرد دەستبەجێ شەڕەکە رابگرن، هەروەها داواشی لە ئێران کرد هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی، کە لایەنی شەڕەکە نین، بوەستێنێت.

سەبارەت بە بەرەی لوبنان، گۆتێرێز هۆشداری دا و گوتی: "پێویستە حزبوڵڵای لوبنان هێرشەکانی رابگرێت و ئیسرائیلیش ئۆپەراسیۆنەکانی بوەستێنێت، هەروەها نابێت بە هیچ شێوەیەک ئەزموونی وێرانکاریی غەززە لە لوبنان دووبارە ببێتەوە".

گۆتێرێز تیشکی خستە سەر کاریگەرییە نێودەوڵەتییەکانی شەڕەکە و رایگەیاند، داخستنی گەرووی هورمز دەبێتە هۆی خنکاندنی هەناردەی نەوت، گاز و پەین بۆ بازاڕەکانی جیهان، ئەمەش ئابووریی جیهانی تووشی شڵەژان کردووە.

هەروەها هۆشداری دا لە مەترسیی سەرهەڵدانی برسێتییەکی گەورە لە جیهاندا و گوتی: "لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی چاندن، ئەگەر پەین دابین نەکرێت جیهان رووبەڕووی کاریگەری نەرێنی دەبێتەوە، ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتانی کەنداو دابینکەری سەرەکی کەرەستە خاوەکانی پەینی نایترۆجینین، کە پاڵنەرێکی بنەڕەتییە بۆ ئاسایشی خۆراکی جیهانی.

بۆ مەبەستی چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز بڕیاریدا بە دامەزراندنی دیپلۆماتکاری فەڕەنسی جان ئارنۆ وەک نێردەی تایبەتی خۆی بۆ سەرپەرشتیکردنی هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، گۆتێرێز جەختی کردەوە، چینە هەژارەکان گەورەترین باجی ئەم شەڕە دەدەن و پڕۆسە مرۆییەکانیش بەهۆی شەڕەکەوە بە توندی سنووردار کراون.