سوودانی و ماکرۆن تاوتوێی تهنگژهكانی ناوچەکە و پاراستنی سەروەریی عێراق دەکەن
سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی فەرەنسا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، جەختیان لەسەر گرنگیی دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە بۆ قەیرانەکانی ناوچەکە و پاراستنی ئاسایشی ئابووری و وزە لەسەر ئاستی جیهانی کردەوە.
چوارشەممە، 25ـی ئاداری 2026، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنساوە پێ گەیشت.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، لە پەیوەندییەکەدا باس لە دوایین پێشهاتە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکە کرا، بە تایبەت لێکەوتە مەترسیدارەکانی بەردەوامیی جەنگ لەسەر بازاڕەکانی وزە و ئابووریی هەرێمی و نێودەوڵەتی.
سوودانی جەختی لە پێویستیی چڕکردنەوەی هەماهەنگییەکان کردەوە بۆ پشتیوانیکردن لە چارەسەری ئاشتییانە، بە جۆرێک کە سەروەریی وڵاتان و ئاسایشی خاکەکەیان پارێزراو بێت.
هەروەها دووپاتی کردەوە، کە عێراق پاڵپشتی هەموو دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییەکان دەکات کە ئامانجیان راگرتنی ململانێکان و زامنکردنی سەلامەتیی هاتوچۆی دەریایی و ئاسمانییە.
هەردوولا سەرکۆنەی ئەو هێرشانەیان کرد کە دەکرێنە سەر هێزە ئەمنییەکانی عێراق و بە کارێکی رەتکراوە و پێشێلکاریی یاسای نێودەوڵەتییەکان وەسفیان کرد.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بە گرنگیی پشتیوانییەکانی فەرەنسا دا، بۆ ئەو سکاڵایەی عێراق پێشکەشی ئەنجوومەنی ئاسایشی کردووە، بەو پێیەی فەرەنسا ئەندامێکی هەمیشەیی ئەو ئەنجوومەنەیە.
لای خۆیەوە، ئیمانوێل ماکرۆن رایگەیاند: کە فەرەنسا بەردەوام دەبێت لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دیکە بە مەبەستی راگرتنی جەنگ و گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.