شەش وڵاتی عەرەبی: نامانەوێت بچینە نێو جەنگێک کە پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە

شەش وڵاتی عەرەبی لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا، سەرکۆنەی هێرش و دەستدرێژییەکانی ئێرانیان کرد، هەروەها داواشیان لە حکوومەتی عێراق کرد کە رێوشوێنی پێویست بۆ راگرتنی ئەو هێرشانە بگرێتە بەر کە لە خاکەکەیەوە ئاراستەی وڵاتانی دراوسێ دەکرێن.

رۆژی چوارشەممە، 25ـی ئاداری 2026، شەش وڵاتی عەرەبی لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا، هەڵوێستی توندی خۆیان لە بەرامبەر ئەو هێرشانە نیشاندا کە وەک "دەستدرێژییەکانی ئێران" وەسفیان کرد، هاوکات داوایەکی بەپەلەشیان ئاراستەی حکوەمەتی عێراق کرد.

لە راگەیەنراوە هاوبەشەکەی هەریەک لە وڵاتانی (کوەیت، ئیمارات، بەحرەین، سعوودییە، قەتەر و ئوردن)ـدا هاتووە: "ئێمە جارێکی دیکە سەرکۆنەی دەستدرێژییەکانی ئێران دەکەین، چ ئەو هێرشانەی بە شێوەی راستەوخۆ ئەنجام دەدرێن، یان ئەوانەی لە رێگەی چەند گرووپێکی چەکدار لە ناوچەکەدا جێبەجێ دەکرێن."

هەروەها ئاماژەیان بەوە کردووە، کە بە توندی سەرکۆنەی هێرشی ئەو گرووپە چەکدارانە دەکەن کە لە خاکی عێراقەوە وڵاتانی ناوچەکە دەکەنە ئامانج.

ئەو شەش وڵاتە عەرەبییە داوایان لە دەسەڵاتدارانی عێراق کردووە، کە بەرپرسیارێتیی خۆیان هەڵبگرن و ڕێوشوێنی کردەیی بگرنە بەر بۆ راگرتنی ئەو هێرشانەی لە خاکی عێراقەوە بەرەو وڵاتانی دراوسێ ئەنجام دەدرێن، بە مەبەستی پاراستنی سەقامگیری و دراوسێیەتییەکی باش.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە: "ئێمە جەخت لە مافی تەواوەتی و بنەڕەتیی خۆمان دەکەینەوە بۆ بەرگریکردن لە خۆمان لە بەرامبەر ئەم هێرشە تاوانکارییانە."

ئەم راگەیەنراوە هاوبەشە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیاری گرژییە سیاسی و سەربازییەکاندا تێپەڕ دەبێت و مەترسییەکانی فراوانبوونی ململانێکان رووی لە زیادبوون کردووە.

لەوەتەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە، حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارە لە یاسادەرچووەکانی عێراق، هەمیشە باڵیۆزخانەی ئەمریکا، نێردە دیپلۆماسییەکان، بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و ناوچەکە دەکەنە ئامانج.

لە بەرانبەردا ئەمریکا چەندین جار بنکە و بارگەکانی حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی عێراق، لە ناوچە و پارێزگا جیوازەکانی دیکەی عێراق بە ئامانج گرتووە و چەندین سەرکردەی دیاریان کوژراون.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.