نێیمار لە پێناو مۆندیالی 2026 یانەکەی دەکاتە قوربانی
نێیمار داسیلڤا ئەستێرەی هەڵبژاردەی بەڕازیل، هێشتا بێ هیوا نەبووە و هەموو ئامانجیەتی کار بکات بۆ ئەوەی، لەلایەن کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری ئیتاڵی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بانگهێشت بکرێت.
ماڵپەری گۆڵی جیهانی بڵاویکردەوە نێیمار داسیلڤا یاریزانی یانەی سانتۆس، لە پێناو بەشداری کردن لە مۆندیالی 2026، بڕیاریداوە یانەکەی بکاتە قوربانی و لە ماوەی داهاتوو کۆمەڵێک رێکار دەگرێتە بەر، بۆ ئەوەی بتوانێت راهێنەری هەڵبژاردەی وڵاتەکەی رازی بە بانگهێشتکردن بکات.
نێیمار بۆ دوو یارییە دۆستانەکەی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بەرامبەر فەڕەنسا و کۆلۆمبیا بانگهێشت نەکراوە، بەڵام بڕیارە ئانچێلۆتی رۆژی 18ـی مانگی ئایاری ئەمساڵ واتە مانگی 5 لیستی کۆتایی هەڵبژاردەکەی بۆ مۆندیالی 2026 بڵاوبکاتەوە، ئەو یاریزانە دەیەوێت تاوەکو ئەو کاتە ئەم کارانە بکات.
- کار کردن لەسەر خشتەیەکی تایبەت بۆ ئەوەی ئاستی توانا جەستەییەکانی بەرز بکاتەوە.
- ئەگەر نێیمار بانگهێشتی مۆندیالی 2026 بکرێت، بەشداری هیچ یارییەکی دیکەی یانەکەی ناکات، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە تووشی پێکان نەبێتەوە.
- ئەستێرەکەی یانەی سانتۆس بەهۆی گەشتە درێژەکەی یاری بەرامبەر دیپۆرتیڤۆ کۆئێنکای ئیکوادۆر بەشداری ئەو یارییە ناکات.
- نێیمار بەهۆی کاریگەرییە خراپەکانی فریزی دەستکرد، بڕیاریداوە بەشداری یاری داهاتووی یانەکەی بەرامبەر پاڵمێراس نەکات.
- ئەستێرەکەی سانتۆس بەشداری ئەو یارییانە ناکات کە لە شارەکەیانەوە دوورن.