حزبی بێت نەهرێنی دیموکرات: سەرکۆنەی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر پێشمەرگە دەکات

حزبی بێت نەهرێنی دیموکرات، لە راگەیەندراوێکدا بە توندی سەرکۆنەی هێرشە موشەکییەکەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کرد بۆ سەر بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان. 

چوارشەممە 25ـی ئاداری 2026، حزبی بێت نەهرێنی دیموکرات لە بەیاننامەیەکدا سەرکۆنەکی هێرشکردنە سەر هێزەکانی پێشمەرگە و خاکی هەرێمی کوردستان دەکات، ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو هێرشە ناپاکانە بووە و لە ئەنجامدا 6 پێشمەرگە شەهید بوون و 30 پێشمەرگەی دیکەش بە پلەی جیاواز بریندار بوون، حزبەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک بەشێک نەبووە لەم ململانێیانە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "بە ئامانجگرتنی هێزەکانی پێشمەرگە وەک بەشێک لە دامەزراوەی سەربازیی عێراق، پێشێلکردنێکی زەق و ئاشکرای سەروەریی عێراق و ئاسایشی نیشتمانییە".

حزبی بێت نەهرێنی دیموکرات داوای لە حکوومەتی فیدراڵی عێراق کرد، رێگری بکات لەوەی وڵات پەلکێشی ناو ئەو شەڕە بکرێت کە ماوەی زیاتر لە سێ هەفتەیە بەردەوامە. 

هەروەها داوای کردووە، دەسەڵاتی بڕیاردان لە پرسی جەنگ و ئاشتیدا تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکرێت بۆ راگرتنی دەستبەجێی شەڕ و گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ عێراق و ناوچەکە.

هاوکات، حزبەکە سەرکۆنەی هەموو ئەو هێرش و دەستدرێژییانەی کرد کە دەکرێنە سەر دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان، ژێرخانی ئابووری، نێردە دیپلۆماسییەکان، فڕۆکەخانەکان و شوێنە گشتییەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق، کە دەبنە هۆی تێکدانی سەقامگیریی وڵات.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، حزبی بێت نەهرێنی دیموکرات هیوای بەزەیی و میهرەبانی بۆ شەهیدان و چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواست.