دامەزراوەی ئاشوورییەکان بۆ دادپەروەری: هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە سەرکۆنە دەکات
سام دارمو، سەرۆکی دامەزراوەی ئاشوورییەکان بۆ دادپەروەری، لە پەیامێکی فەرمیدا بۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کرایە سەر سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە لە قەزای سۆران.
پێنجشەممە 25ـی ئاداری 2026، سام دارمو، سەرۆکی دامەزراوەی ئاشوورییەکان بۆ دادپەروەری لە پەیامەکەیدا بۆ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هورێمی کوردستان، هێرشەکەی بە ترسنۆکانە وەسف کرد، بەهۆیەوە 6 پێشمەرگە شەهید بوون و 30 پێشمەرگەی دیکەشیان بریندار بوون.
سەرۆکی دامەزراوەی ئاشوورییەکان بۆ دادپەروەری رایگەیاند: "هێزەکانی پێشمەرگە پارێزەری ئاشتی و گەشەسەندنی هەرێمی کوردستانن".
هەروەها وێڕای سەرکۆنەکردنی هێرشەکە، هاوخەمی و سەرەخۆشی قووڵی خۆی ئاراستەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گەلی کوردستان و بنەماڵەی شەهیدە سەربەرزەکان کرد و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواست.
ئەم پەیامەی سام دارمو سەرۆکی دامەزراوەی ئاشوورییەکان بۆ دادپەروەری لە کاتێکدایە، بە هۆی جەنگی نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکاوە ناوچەکە رووبەڕووی گرژی و ئاڵۆزی بوەتەوە، هاوکات هەرێمی کوردستانیش لە لایەن گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکانی عێراقەوە رووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆنی بووەتەوە، لە دوایین هێرشدا کە لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بۆ سەر بارەگای هێزەکانی پێشمەرگە ئەنجامدرا 6 پێشمەرگە شەهیدا بوون و 30 کەسی دیکەش بریندار بوون.