سندووقی دراوی نێودەوڵەتی هاوکاری دارایی پێشکەشی ئەو وڵاتانە دەکات کە بەهۆی جەنگی ئێرانەوە زیانیان بەرکەوتووە

ئاژانسی بلومبێرگ بڵاویکردەوە، سندووقی دراوی نێودەوڵەتی (IMF) دەستی بە زنجیرەیەک لێکۆڵینەوە و شیکاری کردووە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی ئابووری ئەو وڵاتانەی کە لە ئەگەری بەردەوامبوونی جەنگی ئێران، پێویستیان بە پاڵپشتی دارایی زیاتر دەبێت.

پێنجشەممە 26ـی ئاداری 2026، بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی بلومبێرگ، سندووقی دراوی نێودەوڵەتی (IMF) داوای لە نووسینگەکانی لە وڵاتانی جیاواز کردووە شیکاری ورد پێشکەش بکەن سەبارەت بە بودجەی مامەڵەکان و پێویستییە داراییەکان، بەتایبەتی بۆ ئەو وڵاتانەی کە لە ئێستادا بەرنامەی دارایی چالاکیان لەگەڵ سندووقەکەدا هەیە.

کریستالینا جۆرجێڤا، بەڕێوەبەری گشتی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە، لە سایەی ئەم جیهانە پڕ لە دڵەڕاوکێیەدا، زۆرێک لە وڵاتان بۆ وەرگرتنی پشتگیری روو لە سندووقەکە دەکەن و ئەوانیش ئامادەی تەواویان تێدایە بۆ هاوکاری لە کاتی پێویستدا.

بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا سەرەکییەکان، بەتایبەت وزە، گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر بودجەی حکوومەتەکان، هاوکات نرخی نەوتی خاوی برێنت لە سەرەتای مامەڵەکانی رۆژی پێنجشەممەدا 104 دۆلاری تێپەڕاند، لە کاتێکدا پێش هەڵگیرسانی جەنگ لە دەوروبەری 70 دۆلار بوو، جگە لەوەش، پەککەوتنی دابینکردنی "پەیین" بووەتە هۆی تێکچوونی ئاسۆی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی لە جیهاندا.

جۆرجێڤا نیگەرانی تایبەتی خۆی بۆ ئەو وڵاتانە دەربڕی کە نەوت هاوردە دەکەن، هەروەها بۆ ئابووریی دوورگەکانی زەریای هێمن و وڵاتە کەمداهاتەکان کە پێشتر قەرزێکی زۆریان لەسەر بووە، سندووقەکە ئاماژەی بەوە کردووە، تاوەکو ئێستا 166 ملیار دۆلار قەرزی داوە، هەروەها توانای قەرزپێدانیان دەگاتە نزیکەی یەک تریلیۆن دۆلار.

بڕیارە لە 13ـی نیسانی داهاتوو، لە میانی کۆبوونەوەکانی بەهارە لە واشنتن، سندووقی دراوی نێودەوڵەتی راپۆرتی "ئاسۆکانی ئابووریی جیهان" نوێ بکاتەوە.

 لە راپۆرتە نوێیەکەدا پێشبینییەکان بۆ گەشەی ئابووری گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و کاریگەرییە جیۆپۆلیتیکییەکان و نرخی نوێی کاڵاکان لەبەرچاو دەگیرێن.

پێش جەنگ، سندووقەکە پێشبینی گەشەی ئابووری جیهانی بۆ ساڵی 2026 بە رێژەی 3.3% کردبوو، بەڵام هۆشداری دابوو کە گرژییە سیاسی و بازرگانییەکان مەترسی گەورە لەسەر ئەو گەشەیە دروست دەکەن.