شادی غوڵامی گۆرانی نەورۆزی کوردستانی بڵاوکردەوە

شادی غوڵامی، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ، نوێترین گۆرانی خۆی لەژێر ناوی "نەورۆزی کوردستان" لەچەناڵی یوتیوب بڵاوکردەوە.

پێنجشەممە، 26ی ئاداری 2026، شادی غوڵامی، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ، دەربارەی بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نوێیەکەی بە کوردستان24ی گوت، "ئەم کارە هونەرییە لە ئاواز و تێکستی هۆزان سەرحەدە،  سەعید دیوانی کارەکەی کردووە، سیروان کەشاوەرزی بە  گیتار بەشداربووە، هادی مورادی کاری مێکس و ماستەرینگی کارەکەی کردووە، سامان عوسمان و چێنەر حەسەن کاری دەرهێنانیان بۆ ڤیدیۆ کلیپەکە کردووە و کارەکەش لەلایەن ستۆدیۆی کەزی تۆمار کراوە درەهێنەرایەتی، هەروەها ستۆدیۆی کەزی بە شێوەیەکی پیشەیی کارەکەی تۆمار کردووە."

شادی غوڵامی گوتیشی، "وێنەکانی ڤیدیۆ کلیپەکە بە شێوەیەکی جوان دابەشکراون، کە تێیدا جلوبەرگی کوردی و شوێنە مێژووییەکان بەکارهاتوون بۆ پێشاندانی کولتوور و ناسنامەی کوردی، ئەمەش وای کردووە کارەکە تەنیا گۆرانی نەبێت، بەڵکو وێنەیەکی هونەریی تەواو بێت کە هەست و بیرۆکەی نەورۆز بگەیەنێت، کە تێیدا بە شێوەیەکی هونەری و هەستیار باس لە پیرۆزی و مانای نەورۆز دەکات و پەیامێکی نیشتمانی و کۆمەڵایەتی دەگەیەنێت."

ئەو خانمە هونەرمەندە باس لە گرنگی بڵاوکردنەوەی گۆرانییەکەی دەکات و دەڵێت، "لە رووی هونەرییەوە، "نەورۆزی کوردستان"، تێکەڵەیەکە لە شێوازی کلاسیکی کوردی کە دەتوانێت گوێگرێکی فراوان راکێشێت بە تایبەتی لە ناو گەنجاندا، هەر بۆیە ئەم جۆرە کارانە دەبنە هۆی پاراستنی میراتی کولتووری و گەشەپێدانی مۆسیقای کوردی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا."

شادی غوڵامی ئاماژەی بەوەش دا، "بڵاوکردنەوەی ئەم گۆرانییەم لە کاتێکدا دێت کە کوردان لە هەموو شوێنەکاندا ئامادەی جەژنی نەورۆزن، بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەم کارە دەبێتە بەشێک لە رووناککردنەوەی ئەم بۆنەیە و بەهێزکردنی هەستی هاوبەشی نیشتمانی."

شادی غوڵامی، گۆرانیبێژ و دەفژەن، لە ساڵی 1993 لە سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە، ماوەی 17 ساڵە کاری هونەری دەکات و خاوەنی 8 بەرهەمی تۆمارکراوی گۆرانییە.