میسر و پاکستان و تورکیا دەبنە نێوەندگیر

هەریەکە لە وەزیرانی دەرەوەی میسر و پاکستان، ئاشکرایان کرد، وڵاتەکانیان بە هاوکاری تورکیا، رۆڵی نێوەندگیر دەگێڕن بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گواستنەوەی پەیامەکان لە نێوان واشنتن و تاران.

پێنجشەممە 26ـی ئاداری 2026، بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەردەوامی جەنگ لە ناوچەکەدا لێکەوتەی سیاسی، ئابووری و ئەمنی زۆر مەترسیداری بۆ سەر تەواوی جیهان دەبێت، جەختی لەوەشکردەوە، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ راگرتنی جەنگ لە ئێران و هێورکردنەوەی دۆخی لوبنان بەردەوامن و گوتی: "جێگرەوەی دیپلۆماسی بۆ هەمووان کارەساتبار دەبێت."

لە لایەکی دیکەوە، ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان، پەردەی لەسەر وردەکاریی دانوستانە ناڕاستەوخۆکان لادا و رایگەیاند، واشنتن پڕۆژەیەکی 15 خاڵی لە رێگەی پاکستانەوە ئاراستەی لایەنی ئێرانی کردووە.

 وەزیری دەرەوەی پاکستان ئاماژەی بەوە کرد، تاران ئێستا خەریکی لێکۆڵینەوە و وردبینییە لەو 15 خاڵە، هاوکات وڵاتانی وەک تورکیا و میسریش پشتیوانی لەم دەسپێشخەرییە دەکەن بۆ راگرتنی پەرەسەندنی سەربازی.

ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە لە کاتێکدایە کە جۆرێک لە دژبەری لە لێدوانی بەرپرسانی باڵای هەردوو وڵاتدا دەبینرێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هێرشی کردە سەر دانوستانکارانی ئێران و بانگەشەی ئەوەی کرد، تاران دوای وێرانبوونی توانای سەربازی، ئێستا بۆ رێککەوتن دەپاڕێتەوە.
لە بەرانبەردا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، هەموو جۆرە دانوستانێکی لەگەڵ ئەمریکا رەتکردەوە و رایگەیاند، ئەزموونی وڵاتەکەی لەگەڵ دیپلۆماسیی ئەمریکی کارەساتبار بووە بەهۆی ئەوەی واشنتن ناپاکی لە متمانە کردووە.

ئەم جووڵە دیپلۆماسییانەی (پاکستان، میسر و تورکیا) لە کاتێکدایە کە ماوەی چەند هەفتەیەکە واشنتن و تەلئەڤیڤ هەڵمەتێکی سەربازیی بێپێشینەیان دژی ئێران دەستپێکردووە، لە بەرانبەریشدا وڵاتانی ناوچەکە هەوڵ دەدەن لە رێگەی کەناڵە ناڕاستەوخۆکانەوە رێگری لە تەقینەوەی تەواوەتی دۆخەکە بکەن.