عێراقچی: یاسا نێودەوڵەتییەکان نابێت وەک ئامرازێک بۆ بەرژەوەندیی تایبەت بەکار بهێنرێن

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران

وەزیری دەرەوەی ئێران، رەخنەی توندی ئاراستەی ئەمریکا کرد و ئەو وڵاتەی بە پەیڕەوکردنی "سیاسەتی دووفاقی" لە ئاستی نێودەوڵەتیدا تۆمەتبار کرد، بەو پێیەی پشتیوانی لە گەمارۆکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دەکات و لە هەمان کاتدا مافی بەرگری لە ئێران زەوت دەکات.

پێنجشەممە، 26ـی ئاداری 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاوی کردەوە، کە ئەمریکا بە پاساوی "ئەمنی" پشتیوانی لە گەمارۆی سەر کەرتی غەززە لە لایەن ئیسرائیلەوە دەکات، کە بووەتە هۆی بڕانی هاوکارییە مرۆییەکان، بەڵام لە بەرامبەردا سەرکۆنەی ئێران دەکات کاتێک مافی خۆی لە بەرگریکردن لە سەروەرییەکەی لە گەرووی هورمزدا بەکار دەهێنێت.

عێراقچی ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەمە گوزارشت لە "دوو پێوەری" وڵاتە رۆژئاواییەکان دەکات و گوتی: "لای ئەمریکا تاوانەکانی ئیسرائیل پەسەند کراون، بەڵام بەرگریی رەوای ئێران لە بەرامبەر دەستدرێژیکاران بە توندی سەرکۆنە دەکرێت."

وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریی دا لەوەی کە "یاسا نێودەوڵەتییەکان نابێت وەک ئامرازێک بۆ بەرژەوەندیی کاتی و تایبەت بەکاربهێندرێن"، بەڵکو دەبێت وەک بنەمایەکی جێگیر بۆ هەمووان وەک یەک جێبەجێ بکرێن.