وەزارەتی دەرەوەی ئێران: وەڵامەکەمان بۆ ئەمریکا داواکاریی ژیرانە و لۆژیکی لەخۆدەگرێت

وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وەڵامەکەیان بۆ لایەنی ئەمریکی داواکاریی ژیرانە و لۆژیکی لەخۆدەگرێت و بەرژەوەندییەکانی تەواوی ناوچەکە رەچاو دەکات، ئاماژەی بەوەش کرد، تاران پێشوازی لە هەموو هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەکات بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

دووشەممە 11ـی ئایاری 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی درەوەی ئێران، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "وەڵامەکەمان بۆ لایەنی ئەمریکی داواکاریی ژیرانە و لۆژیکی لەخۆدەگرێت"، ئاماژەی بەوەش کرد: "بۆ هاوڕێ  چینیەکانمان روونکردووەتەوە کە هەنگاوەکانی ئەمریکا دەبنە هۆی زیادبوونی ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا".

باسی لەوەش کرد: ئەو کارە دوژمنکارانەیەی ئەمریکا ئەنجامیان دەدات، هۆکاری ناسەقامگیری ناوچەکەن، راشیگەیاند، پێشنیارەکانمان بۆ ئەمریکا بەخشندانە و بەرپرسانەن و تەنها داوای مافی خۆمانمان کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.

بەقایی جەختی کردەوە، وڵاتەکەی پێشوازی لە هەموو هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەکات بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا، و گوتی: پاکستان بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵانە رۆڵی خۆی وەک نێوەندگیر دەگێڕێت.

رۆژی 03ـی ئایار، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دانوستانەکان لەگەڵ ئێران پێشکەوتنی گەورەیان بەدەست هێناوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی تەواو و کۆتایی.

لە کۆتایی مانگی شوباتی 2026ەوە، دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران لە هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، جەنگێکی گەورە لە ناوچەکەدا دەستی پێ کرد.

 لە سەرەتای مانگی نیسانەوە بە نێوەندگیریی پاکستان ئاگربەستێکی کاتی لە نێوان واشنتن و تاران راگەیەنرا و دانوستانە ناڕاستەوخۆکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئاشتی دەستیان پێ کردووە.

 ئەمریکا داوای کۆتاییهێنان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و راگرتنی پاڵپشتییەکانی بۆ گرووپە چەکدارەکان دەکات، لە بەرانبەریشدا ئێران مەرجی هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر بەندەرەکانی و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەیە لە گەرووی هورمز.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ی ئایاری 2026، ئاژانسی فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، وەڵامی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ دوایین دەقی پێشنیازکراوی ئەمریکا بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگ، رادەستی پاکستانی نێوەندگیر کراوە.

پێشتر ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران چەندین جار ئەوەی خستبووە روو، دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان و گەیشتن بە دەرەنجامی کۆتایی، تێڕوانین و تێبینییەکانی ئێران لەسەر پێشنیازەکانی ئەمریکا رەوانە دەکرێن. 

بەپێی ئەو پلانە پێشنیازکراوە، لەم قۆناغەدا دانوستانەکان تەنیا سەرنج دەخەنە سەر پرسی کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ناوچەکەدا.