ئێران وەڵامی پێشنیازەکەی ئەمریکای دایەوە؛ چەسپاندنی سەروەریی گەرووی هورمز مەرجی سەرەکییە
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم رایگەیاندووە، ئێران وەڵامی پێشنیازە 15 خاڵییەکەی ئەمریکای داوەتەوە و چەند مەرجێکی سەرەکیشی هەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی ئاداری 2026، ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم" لە زمان سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، کە ئێران لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە وەڵامی فەرمی خۆی سەبارەت بە 15 خاڵە پێشنیارکراوەکەی ئەمریکا ناردووە و ئێستا چاوەڕێی وەڵامی لایەنی بەرامبەر دەکات.
بە گوتەی ئەم سەرچاوەیە، ئێران لە وەڵامەکەیدا چەند مەرجێکی سەرەکی خستووەتە ڕوو، لەوانە:
1-کۆتاییهێنان بە دەستدرێژی و تیرۆر لەلایەن دوژمنەوە.
2-ڕەخساندنی بارودۆخێکی واقیعی کە گەرەنتی بکات جەنگ جارێکی دیکە دووبارە نابێتەوە.
3- دیاریکردنی چارەنووسی قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی جەنگ و گەرەنتیکردنی پێدانیان.
4- ڕاگرتنی شەڕ لە هەموو بەرەکان و بۆ هەموو ئەو گروپانەی "بەرگری" کە لە ناوچەکەدا بەشداری ئەم نەبەردە بوون.
ئەم سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کردووە چەسپاندنی سەروەریی ئێران بەسەر "گەرووی هورمز"دا مافێکی سروشتی و یاسایی کۆماری ئیسلامییە و وەک گەرەنتییەک بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی لایەنی بەرانبەر سەیر دەکرێت و دەبێت دانی پێدا بنرێت.
هەروەها جەختیشیکردەوە کە ئەم مەرجانە جیاوازن لەو داواکارییانەی کە پێشتر لە خولی دووەمی دانوستانەکانی ژنێف (چەند ڕۆژێک پێش هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل لە مانگی شوباتدا) پێشکەش کرابوون.