قالیباف: حزبوڵڵا زیانی گەورەی بە ئیسرائیل گەیاندووە

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ستایشی توانای سەربازیی حزبوڵڵای لوبنانی کرد و رایگەیاند، کە ئەنجامدانی 87 هێرش لە یەک شەودا و وەشاندنی گورزی جۆری، نیشانەی زیندوێتی و هێزی بێوێنەی ئەو حزبەیە لە رووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیلدا.

پێنجشەممە، 26ـی ئاداری 2026، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی سەبارەت بە دوایین پێشهاتە سەربازییەکانی لوبنان بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە دا، کە تەنیا لە ماوەی یەک شەودا، حزبوڵڵا 87 هێرشی دژی ئیسرائیل ئەنجامداوە.

قالیباف لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "پێش هەڵگیرسانی ئەم جەنگە، لە چاوپێکەوتنێکدا گوتم کە حزبوڵڵا لە هەموو کاتێک زیاتر پڕە لە وزە و زیندوێتی؛ ئەمڕۆش ئەو ئۆپەراسیۆنە خێرا و گورزە جۆرییە بەردەوامانەی زیانی گەورەیان بە کەرەستە و هێزەکانی دوژمن گەیاندووە.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەم هیرشە توندانە نیشانەی ئەوەن کە حزبوڵڵا نەک هەر لاواز نەبووە، بەڵکو بە ستراتیژێکی نوێ و کاریگەرترەوە لە مەیدانەکەدایە و توانیویەتی هاوسەنگیی هێز بپارێزێت.

قالیباف جەختی لەوە کردەوە کە ئەو دەستکەوتە مەیدانییانەی لە بەرەکانی جەنگدا تۆمار دەکرێن، بەرهەمی ئەو پلان و بەڵێنانەن کە سەرکردایەتیی حزبوڵڵا پێشتر دووپاتی کردبوونەوە و، ئێستا لە شێوەی گورزی کوشندەدا دژی سوپای ئیسرائیل رەنگدەدەنەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، حزبوڵڵای لوبنانی هاتووەتە نێو جەنگەکە و رۆژانە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (درۆن) و مووشەک، باکووری ئیسرائیل بۆمباران دەکات.