عێراقچی: سەربازە ئەمریکییەکان هاووڵاتییانی کەنداویان وەک قەڵغانی مرۆیی بەکارهێناوە

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: سەربازە ئەمریکییەکان لە بنکە سەربازییەکانی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو هەڵاتوون و پەنایان بۆ هۆتێل و نووسینگەکان بردووە بۆ ئەوەی خۆیان بشارنەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی ئاداری 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکی نوێدا رایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی ئەم جەنگەوە، سەربازە ئەمریکییەکان لە بنکە سەربازییەکانی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو هەڵاتوون و پەنایان بۆ هۆتێل و نووسینگەکان بردووە بۆ ئەوەی خۆیان بشارنەوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی کە "هاووڵاتییانی وڵاتانی کەنداو وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنن."

عێراقچی ئاماژەی بەوەش کرد، کە لە ناوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هۆتێلەکان ناونووسین و حجزکردنی ئەو ئەفسەرانە رەتدەکەنەوە کە دەبنە هۆی دروستکردنی مەترسی بۆ سەر کڕیارەکانیان، هەر بۆیە داوای کرد "پێویستە هۆتێلەکانی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداویش هەمان کار بکەن و ڕێگە بە مانەوەی ئەو ئەفسەرانە نەدەن".

هەروەها باسی لەوە کرد، حکوومەت و گەلی عێراق هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیلیان سەرکۆنە کردووە و ستایشی هەڵوێستی حکوومەت و گەلی عێراق دەکەین بە پشتیوانیکردنیان لە گەلی ئێران.