ترەمپ: کۆنترۆڵکردنی نەوتی ئێران یەکێکە لە بژاردەکانمان
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، کە پرسی دەستبەسەرداگرتن و کۆنترۆڵکردنی نەوتی ئێران وەک بژاردەیەکی جیددی لەسەر مێزی گفتوگۆکان ماوەتەوە. هاوکات ئاشکرای کرد، کە گورزی کوشندەیان لە ژێرخانی سەربازیی تاران وەشاندووە.
پێنجشەممە، 26ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە نەوتییەکانی ئێران بژاردەیەکی پێشنیارکراو و گونجاوە."
ترەمپ روونکردنەوەی دا سەبارەت بەو "دیارییە ئێرانییە"ی پێشتر ئاماژەی پێ دابوو و گوتی: "مەبەستم تێپەڕبوونی 10 کەشتی نەوتهەڵگر بوو لە گەرووی هورمز، کە ئاڵای وڵاتی پاکستانیان بەرز کردبووەوە."
لە رەهەندە سەربازییەکەوە، سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە هێزەکانیان بەشێکی زۆری کۆگاکانی مووشەکی بالیستی، کارگەکانی بەرهەمهێنانی مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێرانیان تێکشکاندووە.
ئاماژەی بەوەش دا، کە هەموو ئەو کەشتییانەی ئێران کە تایبەت بوون بە چاندنی مین لە دەریا، لەناو براون، هەرچەندە گوتیشی: "هێشتا دڵنیا نین لەوەی ئایا پێشتر مینیان لە گەرووی هورمزدا چاندووە یان نا."