ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو: هەرگیز خوازیاری تێکشکاندن یان لاوازکردنی ئێران نەبووینە
ئەنجوومەنی هاریکاریی وڵاتانی کەنداو جەخت لەوە دەکاتەوە، کە دیپلۆماسی و گفتوگۆی سیاسی "عەقڵانیترین و سەرکەوتووترین" رێگەیە بۆ چارەی گرژییەکانی ناوچەکە، هاوکات داوای بەشداریکردنی وڵاتانی کەنداو دەکات لە هەر پڕۆسەیەکی ئاشتی کە پەیوەست بێت بە داهاتووی ناوچەکەوە.
پێنجشەممە، 26ـی ئاداری 2026، جاسم بەدیوی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی هاریکاریی وڵاتانی کەنداو، لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێک ئاماژەی بەوە کرد، "پێویستە وڵاتانی کەنداو بەشێکی سەرەکی بن لە هەر دانوستان یان رێککەوتنێک کە بۆ چارەی قەیرانی ئێستا ئەنجام دەدرێت."
بەەیوی هۆشداریی دا لەوەی کە هەر دەستپێشخەری یان هەوڵێکی هەرێمی کە ئامانجی گۆڕینی نەخشەی سیاسیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت لە دوای ئەم قەیرانە، بە هەموو شێوەیەک رەتکراوەیە.
بەدیوی ئاماژەی بەوە کرد، کە وڵاتانی کەنداو هەرگیز خوازیاری تێکشکاندن یان لاوازکردنی ئێران نەبوون، بەڵکوو ئامانجیان گەیشتنە بە پەیوەندییەکی ئاسایی لەسەر بنەمای رێزگرتنی هاوبەش و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆ.
جەختیشی کردەوە، کە وڵاتانی کەنداو قبووڵ ناکەن ببنە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێکان یان بکرێنە ئامانج، هاوکات هۆشداریی دا لەوەی پەککەوتنی گەشتی دەریایی کاریگەریی نەرێنی گەورەی دەبێت لەسەر دابینکردنی وزە و ئابووریی جیهان.